ئێران و رووسیا رێککەوتنی ستراتیجی واژۆ دەکەن؛ 'وەرچەرخانێکی راستەقینەیە'

17-01-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەردوو سەرۆکانی رووسیا و ئێران ئەمڕۆ هەینی لە کرێملن "رێککەوتنی ستراتیجیی گشتگیر"یان واژۆ کرد.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەکاتی واژۆکردنی رێککەوتننامەکەدا گوتی، "ئەمە وەرچەرخانێکی راستەقینەیە" و رووسیا و ئێران "یەکگرتوون و پەیوەندییەکانمان دەبەینە ئاستێکی نوێ."
 
هاوکات مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران رایگەیاند، "ئەم پلانە ستراتیژییە گشتگیرە کە بۆ چەندین ساڵ خوێندنەوەی بۆ کراوە، ئەمڕۆ واژۆ دەکرێت و لە هەموو بوارەکانی ئەمنی، ئابووری، کولتووری و بازرگانی، دەتوانین پەیوەندییەکان زیاد بکەین و ئەم پەیوەندییانە لەگەڵ یەکدی بەهێزتر بکەین."
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، رووسیا بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و ئێرانیش بەهۆی بەرنامەی ئەتۆمی، لەژێر گەمارۆی سەختی وڵاتانی رۆژئاوادان.
 
پووتین رایگەیاند، رووسیا و ئێران بە تووندی دژی گوشاری دەرەکی دەوەستنەوە، "وڵاتەکانمان بە تەواوی پابەندن بە بنەماکانی سەروەریی یاسای نێودەوڵەتی، سەروەریی وڵاتان و دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی دیکە. ئێمە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا رێبازێکی سەربەخۆ دەگرینەبەر و بە یەکەوە و بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە دژی فەرمانسەپێنیی دەرەکی دەوەستینەوە."
 
دوای دەستپێکردنی هێرشی رووسیا لە شوباتی 2022 بۆ سەر ئۆکراینا، هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی کیێڤ سزای ئابوورییان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند. لەو کاتەوە پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و تاران بەهێزتر بوون.
 
تاران لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو بە رووسیا دەدات بۆئەوەی لە هێرشەکانیدا بۆ سەر ئۆکراینا بەکاریان بهێنێت؛ تارانیش تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە.
 
سەرۆککۆماری ئێران رۆژی هەینی لە مۆسکۆ داوای دۆزینەوەی "چارەسەری سیاسی" بۆ شەڕەکە کرد.
 
پزیشکیان گوتی، "شەڕ و جەنگ کێشەکە چارەسەر ناکات. ئێمە پێشوازی لە چارەسەرێکی سیاسی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینادا دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AA/ Kyle Mazza

ترەمپ بۆ رووداو: باشترە ئێران رێککەوتنێکی دادپەروەرانە بکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باشترە ئێران بە دانوستاندن بگاتە "رێککەوتنێکی دادپەروەرانە" و گوتیشی، 32 هەزار کەس لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی دژی حکومەت، لە ئێران کوژراون