پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا: دەبێ ئەوانەی بە نایاسایی دێنە سنوورەکانمان دەستبەجێ دیپۆرتیان بکەینەوە

17-01-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
 بانگەشەی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیایە لە شاری هامبۆرگ.
بانگەشەی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیایە لە شاری هامبۆرگ.
نیشانەکردن هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
لە شارەوانی شاری هامبۆرگ، نزیکەی هەزار کەس لە لایەنگرانی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا چوون بۆ گوێگرتن لە ئالیس ڤایدل، سەرۆکی پارتەکەیان کە پاڵێوراوە بۆ راوێژکاری ئەڵمانیا. لایەنگران درووشمی "نا بۆ باج، نا بۆ دەوڵەتی ئیسلامی، نا بۆ سیاسەتی کۆچبەری، بەڵێ بۆ کۆچی پێچەوانە" دەڵێنەوە.
 
ئالیس ڤایدل، سەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەڵێت، "ئێمە باوەڕی تەواومان بەوەیە کە دەبێت سنوورەکانمان کۆنترۆڵ بکەین، سنوورەکانمان بپارێزین و ئەوانەی بە نایاسایی دێنە سەر سنوورەکانمان دەستبەجێ دیپۆرتیان بکەینەوە. ئەوە پرۆگرامی ئێمەیە. ئێمە باوەڕی تەواومان بەوەیە کە نابێت چیدیکە کۆچبەران بێنە وڵاتەکەمان و سوود لە سیستمی سۆشیالمان وەربگرن. بۆیە بەڕوونی دەلێین دەبێت پارە نەدەین بەڵکو تەنها شتومەک. بۆیە بەجیهانی رادەگەێنین کە سنوورەکانمان کۆنترۆڵکراون و داخراون کەس ناتوانێت چیدیکە بە نایاسایی پێ بخاتە وڵاتەکەمانەوە. ئەوە پرۆگرامی ئێمەیە."  
 
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا لەساڵی 2013 دامەزراوە. پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆیە. جگە لە سیاسەتی دژە کۆچبەری و بەهەڵە ناوبردنی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، داوای دەرچوون لە ناوچەی یۆرۆش دەکات. 
 
پارتەکە بانگەشەی ئازادی داهات، کەمکردنی باج و کۆتاییهێنان بە دابەشکردنی پاسپۆرتی ئەڵمانیش دەکات. هەروەها داوا دەکەن لە سیستمی کۆچبەرانی ئەورووپا بێنە دەرەوە. جگە لەوەش کۆچی پێچەوانە، وشەیەکی سەرەکییە، واتا ئەوانەی مافی مانەوەیان نییە دەبێت دیپۆرت بکرێنەوە. 
 
د. ئەلێکسەندەر ڤۆلف، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئەی ئێف دی لە هامبۆرگ لەبارەی ژمارەی پەنابەرەکان لە وڵاتەکەی ئاماژە بەوە دەکات، "لە ئەڵمانیا نزیکەی 250 بۆ 300هەزار کەس هەن کە پێویستە وڵاتی ئەڵمانیا بەجێبهێڵن.  ئەوانەی دەبێت بەجیدی وڵات بەجێبهێڵن پێویستە بەپێی یاسا و رێسا، ئەو کارە بکەن و یاسا جێبەجێ بکرێت. ئەمە بۆ ئێمە گرنگە. ئەمە واتا کۆچی پێچەوانە. پێویست ناکات کەس نیگەران بێت، ئەوانەی لێرە دەژین و بە باشی خۆیان لەگەڵ ئەڵمانیا گونجاندووە، ئەوانە ناگەرێنینەوە و پێویست ناکات نیگەران بن. ئەوانەی پێویستە وڵات بەجێبهێڵن، ئەوانەن کە تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە، نابێت بەردەوام بن لە گاڵتەکردن بە سیستمی یاسایی ئێمە، دەبێت یاسا و رێسا سەرەور بێت و دیپۆرت بکرێنەوە."
 
هێنری ریجەر ، ماوەی 10 ساڵە دەنگ بە پارتی ئەی ئێف دی دەدات، هێنری دەڵێت، "پارتی ئەی ئێف دی تاکە پارتە کە بە ئەقڵ بڕیار دەدات."
 
هێنری ریجەر دەڵێت، "لە زۆربەی وڵاتان، بۆ نموونە لە ئاسیا، تایلاند و تورکیا کەس ناتوانێت بەبێ نیشاندانی ناسنامەی پێ بخاتە نێو ئەو وڵاتەوە. ئەگەر کەسێکیش بەبێ مۆڵەتی فەرمیی لە وڵاتێک بمێنێتەوە، ئەوا سزا دەدرێت یان قەدەغە دەکرێت، کەواتە ئەمە شتێکە بە بەردەوامی روودەدات. ئێمە شێوازی دیاریکراوی ژیانی خۆمانمان هەیە و ئەوەش پێناسەی کۆمەڵگەکەمان دەکات و دەبێت بیپارێزین. ئێمە دابونەریت و کولتووری خۆمان دەپارێزین. ئەو کاتەش بە وردی تەماشا دەکەین کێ دێتە وڵاتەکەمانەوە و کێ نابێت بێتە وڵاتەکەمانەوە. سنوورەکانمان دەپارێزین. ئەوە بۆ من زۆر گرنگە و دەبێت جێبەجێی بکەین."
 
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا، لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە پێگەی خۆی بەهێز کردووە. بەشێوەیەک لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووی پەرلەمان لە هەرێمی تورینگن براوەی یەکەم و لە هەرێمی ساکسنی براوەی دووەم بوو. سەرکەوتنێکی مێژوویی کە راوێژکاری ئەڵمانیا بە رووداوێکی تاڵ ناوی برد.
 
جگە لە گۆڕانکارییە جیهانییەکانی وەک هاتنە سەر کاری ترەمپ، دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەردەوامی شەڕی ئۆکراینا، ناڕەزایەتی بەرفراوانی ئەڵمانییەکان لە دۆخی ئابووری و سیاسەتی کۆچبەری وڵاتەکەیان، بووەتە هیوایەک بۆ پارتی جێگرەوە تا بتوانێت لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەیەدا زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت، بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە