رووداو دیجیتاڵ
کاردانەوەکان تایبەت بە گیانلەدەستدانی سەرکردەی بەندکراوی ئۆپۆزیسیۆن و رەخنەگرێکی سەرۆکی رووسیا لە زیندان تا دێت زیاتر دەبن و تا ئێستا رووداوی گیانلەدەستدانی تەمومژاوییە. سکرتێری گشتیی ناتۆ داوا لە رووسیا دەکات وەڵامی پرسیارەکان لەو بارەیەوە بداتەوە.
رۆژی هەینی، 16-02-2024، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە شاری میونشنی ئەڵمانیاوە لەسەر گیانلەدەستدانی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی بەندکراوی ئۆپۆسزیۆنی رووسی لە زیندان گوتی، "زۆر خەمبار و نیگەرانی هەواڵی گیانلەدەستدانی ناڤالنیم، دەبێت هەموو راستییەکان بڵاوبکرێنەوە و رووسیاش، چەند پرسیارێکی جیدی هەیە دەبێت وەڵامیان بداتەوە."
ئەلێکسی ناڤالنی، تەمەن 47 ساڵ، سیاسەتڤانێکی رووسی و سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە بوو. ناڤالنی رەخنەگرێکی سەرسەختی ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی رووسیا بوو، چەند جارێکیش چەند خۆپێشاندانێکی لە دژی سەرۆک و سیاسەتی رووسیا رێکخست.
ئەو رەخنەگرە لە ساڵی 2021 لەدوای گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا دەستگیرکرا و بە 19 ساڵ بەندکردن سزادرا.
رۆژی هەینی زیندانی ئای کەی 6 لە ناوچەی خارپی رووسیا رایگەیاند، "ناڤالنی پیاسەیەکی کرد و هەستیکرد تەندروستیی تێکدەچێت و بوورایەوە، تیمەکانی پزیشکی بەزوویی گەیشتنە سەری و ئەمبوڵانسێکیش بانگکرا، بەڵام گیانی لەدەستدا."
مردنی ناڤالنی تەمومژاوییە و تا ئێستا نە بەرپرسانی زیندان و نە حکومەتی رووسیا بە فەرمی هۆکارەکەیان رانەگەیاندووە، بەڵام کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەو بابەتە بەردەوامن.
نەخۆشخانەی شاری لابیتنانگی لە رووسیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، "ئەو پزیشک و کارمەندە تەندروستیانەی گەیشتنە زیندان بۆ ماوە نیو کاژێر خەریکی گەڕاندنەوەی ناڤالنی بوون، بەڵام بێسوود بوو."

تەقینەوەی کاردانەوەکان زیاتر و زیاتر بوون. ئۆکراینا، فەرەنسا، ئەمریکا، لاتڤیا، پۆڵاند، ئیسپانیا، نەرویج، ئەڵمانیا و بەریتانیا هاتنە دەنگ.
جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی لەوبارەیەوە گوتی، "مێژووە درێژ و پیسەکەی کرێملن [سەرۆکایەتیی رووسیا] لە ئازاردانی دژبەرەکانی پرسیاری گرنگ و روون دەوروژێنن لەبارەی ئەوەی چی روویداوە لێرە."
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەلایەکی دیکەوە گوتی، "رووسیا بەرپرسیاری مردنی ناڤالنییە."
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "شۆکبوومە بە هەواڵی گیانلەدەسدانی ئەلێکسی ناڤالنی کە بە نارەوایی لەلایەن رژێمی پووتینەوە زیندانیکرابوو بەهۆی ئەوەی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسییەت دەکرد. سەرەخۆشیم بۆ خێزانەکەی و هاوڕێکانی و هەموو ئەوانەی رووسیا کە بەرگری لە بەها دیموکراسییەکان دەکەن و قورسترین باج دەدەن لەو پێناوە."
سەرکردە و سەرۆکەکانی جیهان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناڤالنی بە فەرمانی پووتین کوژراوە و بێدەنگکراوە.
رادۆسلاو سیکرۆسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا رەخنە لە پووتین دەگرێت؛ "ڤلادیمیر پووتین بەرپرسیاری هەموو ئەمانەیە. ناڤالنی لەسەر تۆمەت و بەڵگەی ناڕاست دادگایی کرا. ئەو خرایە زیندان و لە بارودۆخێکی سەخت دەژیا."
ئێدگار رنکێڤیچ، سەرۆکی لاتیڤیا لە راگەیێندراوێکدا گیانلەدەستدانی ناڤالنی خستە ئەستۆی پووتین و گوتی، "ناڤالنی بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن بەرپرسانی کرێملنەوە کوژراوە."
تیمی پارێزەرانی ناڤالنی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوان هەواڵیان پێنەدراوە و ئەندامێکی تیمی پارێزەران بە رێکەوت چووەتە ئەو زیندانە و زانیویەتی.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی نەرویج لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "حکومەتی رووسیا بەرپرسیارێتییەکی قورسی گیانلەدەستدانی ناڤالنی دەکەوێتە ئەستۆ."
ستێفانی سیجۆرنی، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، "ناڤالنی بەژیانی خۆی باجی سیستەمی ستەمکاریی رووسیای دا. مردنی ئەو راستیی رژێمەکەی پووتین بەدەردەخات."
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە ئێکس نووسی، "ئەلێکسی ناڤالنی، وەک سەر سەختترین داکۆکاری دیموکراسییەتی رووسیا، بوێرییەکی بێوێنەی لە تەواوی ژیانی خۆیدا پێشاندا."
ناڤالنی لە کانوونی دووەمی 2021ـەوە لە زیندان بوو و تۆمەتی "تووندڕۆیی" درابوویە پاڵ. ناڤالنی ماوەیەکی زۆری زیندانییەکەی لە ناوچەی ڤلادیمیر بەسەربرد کە 250 کیلۆمەتر لە مۆسکۆی پایتەختەوە دوورە، دواتر گوازرایەوە بۆ ناوچەی خارپ کە دەکەوێتە بەستەڵەکی باکوور. رەخنەگرە کۆچکردووەکە کە لە 2007ـەوە چالاکیی ئۆپۆزسیۆنی هەبوو، پێش دەستگیرکردنی ژەهرخوارد کرا بەڵام توانی رزگای ببێت و رایگەیاند، "ئەمە کاری پووتینە" و کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیاش دەنگۆکەی رەتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ