رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بەمزووانە بڕیار لەسەر رەوانەکردنی چەکی زیاتر بۆ تایوان دەدەن؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە شی جینپینگ، سەرۆکی چین هۆشداریی دابووە واشنتن لە هەنگاوێکی لەو شێوەیە.
رۆژی دووشەممە 16ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "لەو بارەیەوە لەگەڵ شی جینپینگ قسەم کردووە. گفتوگۆیەکی باشمان هەبوو، بەمزووانە بڕیاری کۆتایی دەدەین."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، "پەیوەندییەکی باشی" لەگەڵ سەرۆکی چین هەیە، کە وڵاتەکەی تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە 4ـی ئەم مانگە، شی جینپینگ هۆشداریی دابووە واشنتن لە فرۆشتنی چەک بە تایوان.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی چین، شی جینپینگ بە ترەمپی گوتووە: "کێشەی تایوان گرنگترین پرسە لە پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا... پێویستە واشنتن بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی فرۆشتنی چەک بە تایوان بکات."
چین هیچ کاتێک حوکمی تایوانی نەکردووە، بەڵام بەیژینگ جەخت دەکاتەوە کە ئەو دوورگەیە بەشێکە لە خاکی وڵاتەکەی و هێزی سەربازیش وەک بژارەیەک بۆ لکاندنی بە وڵاتەکەیەوە دەهێڵێتەوە.
ئەمریکا بە فەرمی دان بە سەربەخۆیی تایواندا نانێت، بەڵام گەورەترین پشتیوانی سەربازییەتی. لە کانوونی یەکەمی رابردوودا، واشنتن رەزامەندیی لەسەر فرۆشتنی چەک بە بەهای 11 ملیار دۆلار بە تایوان نیشان دا، ئەوەش کاردانەوەی تووندی چینی لێکەوتەوە و سوپای ئەو وڵاتە مانۆڕێکی سەربازیی فراوانی بۆ گەمارۆدانی بەندەرە سەرەکییەکانی تایوان کرد.
رۆژی شەممە، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هۆشداریی دایە ئەمریکا لەوەی "پلانی دابەشکردنی چین لە رێگەی تایوانەوە" دانەنێت و رایگەیاند، هەر هەنگاوێک بۆ بەزاندنی "هێڵی سوور"ی وڵاتەکەی، دەبێتە هۆی "رووبەڕووبوونەوە".
کێشە ناوخۆییەکانی تایوان
لای چینگ تێ، سەرۆکی تایوان، پێشنیازی خەرجکردنی 40 ملیار دۆلاری وەک بودجەی تێچووی بەرگری بۆ هەشت ساڵی داهاتوو کردووە، بەڵام پەرلەمانی وڵاتەکە کە ئۆپۆزیسیۆن تێیدا باڵادەستە، لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمەوە تائێستا 10 جار پڕۆژەکەی رەتکردووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکی داوایان لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تایوان کرد کۆتایی بە بلۆککردنی ئەو بودجەیە بهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ