لە یارییەکی هۆکی لە ئەمریکا سێ کەس کوژران

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکی هۆکیی لە ویلایەتی رۆد ئایلەندی ئەمریکا تەقە کرا و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژران و سێ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
 
رۆژی دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، بەرپرسانی پۆلیسی شاری پاوتاکێت رایانگەیاند، رووداوەکە لەنێو هۆڵی (دێنس ئێم لینچ) روویداوە. 
 
ینا گۆنساڵڤێس، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "تەقەکەرەکە بۆ بینینی یاریی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی چووەتە هۆڵەکە، دوای تەقەکردنەکە، کۆتایی بە ژیانی خۆیشی هێناوە".
 
بەگوتەی پۆلیس، پێش ئەوەی تەقەکەرەکە خۆی بکوژێت، کەسێک لەناو هۆڵەکەدا دەستبەجێ هەوڵیداوە کۆنترۆڵی بکات، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی رێگری لە کوشتنی خەڵکی زیاتر بکرێت.
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پاوتاکێت ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەری دەخەن کە رووداوەکە "بە مەبەست بووە" و پێدەچێت بەهۆی "کێشەی خێزانییەوە" بووبێت. پۆلیس ناسنامەی تەقەکەرەکەی ئاشکرا کرد کە ناوی (رۆبێرت دۆرگان)ـە و لەدایکبووی ساڵی 1969ـە.
 
بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، لە کاتی تەقەکردنەکەدا یاریزانەکان بۆ پاراستنی گیانیان خۆیان حەشار دەدەن و هاندەرانیش بە ترسەوە کورسییەکانیان بەجێدەهێڵن. 
 
دۆن گریبین، سەرۆکی شارەوانیی پاوتاکێت لەبارەی رووداوەکە گوتی: "ئەمە زۆر تراژیدییە. ئەمانە منداڵی ناوەندی و ئامادەیین، خەریکی یاری بوون و خێزانەکانیان تەماشایان دەکردن، کاتێکی خۆش بوو، بەڵام گۆڕا بۆ ئەم کارەساتە".
 
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە دوو مانگ لەمەوبەر، هەر لە ویلایەتی رۆد ئایلەند و لە زانکۆی (براون)، رووداوێکی دیکەی تەقەکردن روویدا و تێیدا دوو قوتابی کوژران و نۆ کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
شاری پاوتاکێت کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 80 هەزار کەسە، دەکەوێتە باکووری شاری پرۆڤیدێنس و هاوسنوورە لەگەڵ ویلایەتی ماساچووسیتس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ و هیلاری کلینتن لە دیبەیتێکی پێشوو

ترەمپ و کلینتن لەسەر دۆسیەی ئێپستین هێرش دەکەنە سەر یەکدی

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هیلاری کلینتن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەو وڵاتە، لەسەر دۆسیەی جێفری ئێپستین هێرش دەکەنە سەر یەکدی. ترەمپ دەڵێت "بە تەواوی بێبەری کراوە" و کلینتنیش تۆمەتباری دەکات بەوەی هەوڵی "پەردەپۆشکردنی" فایلەکان دەدات.