ئەندامێکی تۆڕێکی تاوانکاریی کوردی لە بەریتانیا دەستگیرکرا

17-03-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی بەریتانیا کەسێک دەستگیر دەکات کە بەگوتەی خۆیان، "ئەندامێکی گرنگی گرووپێک بووە کە کوردن و تاوان و قاچاخچێتی دەکەن."
 
ئاژانسی نیشتمانیی نەهێشتنی تاوان NCAـی بەریتانیا رایگەیاند، "ئەندامێکی زۆر گرنگی گرووپێکی تاوانکاریی کوردیمان دەستگیرکرد کە بە نایاسایی و بە قاچاخ خەڵکیان دەپەڕاندەوە ئەوروپا."
 
ئەو تۆمەتبارە کە ناسنامەی ئاشکرا نەکراوە و دیار نییە کوردە یاخود نا، تەمەنی 45 ساڵە و لە شاری پۆرتسمۆسی باشووری بەریتانیا دەستگیرکراوە. 
 
پۆلیسی NCA دەڵێت، "پیاوەکە تۆمەتبارە بە رێکخستنی کۆچی نایاسایی، سپیکردنەوەی پارە و وەرگرتنی بە هەزاران پاوەندی بەریتانیا لە هەر کۆچبەرێک."
 
پۆلیس هەروەها باس لەوە دەکات، "ئەو تۆمەتبارە بە کۆنتڕۆڵکردنی گرووپێکی قاچاخچێتی باکووری ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
 
ئاژانسی نیشتمانیی نەهێشتنی تاوان دەڵێت، ئەو پیاوە ئەندامێکی گرنگی "گرووپێکی تاوانکاریی کوردییە" بەڵام زانیاریی لەسەر رەچەڵەکی ئەو پیاوە نەداوە.
 
رەیچڵ براملی، ئەفسەری لێکۆڵەری پێشکەوتووی NCA رایگەیاند، "ئەو دەستگیرکردنە خاڵێکی گرنگی لێکۆڵینەوەیەکی دوو ساڵە بوو. ئێمە پێمان وایە کە ئەو گرووپە تاوانکارییە لە بە قاچاخبرنی خەڵک بە بەکارهێنانی چەندین رێگە تێوەگلابوون کە هەموو رێگەکان جێگەی مەترسیبوون لەسەر ژیانی کۆچبەرەکان."
 
براملی ئەوەشی خستەڕوو، "رێگرتن لە تاوانی کۆچی نایاسایی کاری لەپێشینەی ئێمەیە و لێکۆڵینەوە لەو گرووپە بەردەوامە."
 
ئەو ئاژانسە، مانگی پێشوو دەستگیرکردنی ئەندامێکی دیکەی گرنگی ئەو گرووپە کوردەی لە ئیتاڵیا راگەیاند. لەوبارەوە رەیچڵ براملی گوتی، "هەموو کارێک دەکەین بۆ گواستنەوەی لە ئیتاڵیاوە بۆ بەریتانیا بۆ ئەوەی رووبەڕووی دادگەی بکەینەوە."
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە