راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت بۆ وەڵامدانەوەی ئێران "هەموو بژاردەیەک لەسەر مێزە"

17-03-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، بۆ وەڵامدانەوەی ئێران "هەموو بژاردەیەک لەسەر مێزە."
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی نیووزی ئەمریکی، پرسیار لە وۆڵتز کرا کە ئایا دەکرێت ئەمریکا هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران؟ لە وەڵامدا گوتی "هەموو بژاردەیەک لەسەر مێزە."
 
قسەکانی وۆڵتز دوای ئەوە هاتن؛ ئەمریکا رۆژی شەممە هێرشی کردە سەر چەند ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانی یەمەن کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن. 
 
لەبارەی هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەیەوە، وۆڵتز گوتی "هەمیشە هەموو بژاردەکان بۆ سەرۆک لەسەر مێزن، بەڵام پێویستە ئێران بە باشی گوێی لێ بگرێت."
 
وۆڵتز دەڵێ "بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت و دەبێت کۆتایی بەو پشتیوانییە بهێنرێت بە حووسییەکانی دەدەن، وەک چۆن بە حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی عێراق و حەماس و ئەوانی دیکەی دەدەن."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، هێرشەکانی شەوی شەممە بە فەرمانی خۆی کراون و هەڕەشەی کرد گەر هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکەی لایەنگری ئێران نەوەستێنرێن، ئەمریکا گورزی زیاتریان لێدەدات. 
 
هێرشەکان نەوەستێران  
 
حووسییەکان رۆژی یەکشەممە رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا لە دەریای سوور.
 
یەحیا سەريع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان گوتی، "لە وەڵامی ئەو دووژمنکارییەی ئەمریکا، هێزە چەکدارەکان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان کرد و یو ئێس ئێس هاری تروومان، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا و کەشتییەکانی دیکەی لەگەڵیدا کردنە ئامانج."
 
یەحیا سەریع ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکەیان بە 18 مووشەک و درۆنێک کردووە. 
 
24 کاژێری نەبرد، حووسییەکان رایانگەیاند، هێرشێکی دیکەیان کردووەتە سەر هەمان کەشتی. 
 
53 کوژراو و 98 بریندار
 
وەزارەتی تەندروستیی حووسییەکان رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا، 53 کەس کوژراون و 98ـی دیکە بریندار بوون. 
 
شەوی رابردوو، میدیای حووسییەکان رایگەیاند، هێرشی ئاسمانیی زیاتر کراوەتە سەر حودەیدە. 
 
ئەو هێرشەی رۆژی یەکشەممە کە وەک حووسییەکان دەڵێن کردوویانەتە سەر فڕۆکەهەڵگرەکە، یەکەمین هێرشە لە 19ـی کانوونی دووەمەوە کرابێت. هێرشەکان لەو رۆژەوە بەهۆی دەستپێکردنی ئاگربەستی غەززە، وەستابوون. 
 
بەڵام رۆژی سێشەممەی رابردوو، حوسییەکان رایانگەیاند، دەستدەکەنەوە بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل پێچەوانەی رێککەوتنی ئاگربەست، رۆیشتنی هەموو خۆراک، ئاو، کارەبا و کەلوپەلێکی بۆ نێو غەززە وەستاند و هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەری کە چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. 
 
"ئێرانمان ئاگادار کردەوە؛ ئیدی بەسە"
 
وۆڵتز بە کەناڵی ئەی بی سی نیووزی گوت، لە هێرشەکانی رۆژی شەممە "چەندین سەرکردەی حووسی لەنێوبران".
 
هەروەها گوتی "بە هێزێکی  کەمەرشكێن، لێماندان و ئێرانمان ئاگادار کردەوە کە ئیدی بەسە."
 
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بەڵێنی دا؛ هێرشەکانیان "بێ وچان" دەبن تاوەکو هێرشەکانی حووسییەکان دەوەستن.
 
هێگسەس بە فۆکس بزنسی راگەیاند، "دەمەوێت زۆر روون بم، ئەم هەڵمەتە پەیوەندیی بە ئازادیی هاتووچۆی کەشتییەکان و تۆکمەکردنەوەی هێزی بەرپەرچدانەوەیە. هەر کاتێک حووسییەکان گوتیان، 'ئێمە وازدەهێنین و چیدیکە هێرش ناکەینە سەر کەشتییەکان، وازدەهێنین لە تەقەکردن لە درۆنەکانتان،' ئەم هێرشەی ئێمەش کۆتایی دێت، بەڵام تاوەکو ئەوکات، بێ وچان دەبێت."
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێت "ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان"ـی دژی حووسییەکان ئەنجام داوە.
 
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، سێنتکۆم ڤیدیۆی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر حووسییەکان بەردەوامن. 
 
شایەتحاڵەکان لە یەمەن رۆژی یەکشەممە گوتیان، قەبارەی هێرشەکەی رۆژی شەممە تاساندوونی. 
 
ئەو ڤیدیۆیانەی لە لایەن میدیای حووسییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، پێشانیدەدەن، ژن و منداڵان لەنێو برینداران لە نەخۆشخانەن. 
 
ئەحمەد، باوکی دوو منداڵە و دەڵێت "10 ساڵە لە سەنعا دەژیم، بە درێژایی شەڕەکە دەنگی تۆپباران و بۆردوومانم بیستووە. بە خودا، هەرگیز شتێکی لەم جۆرەم نەبینیوە."

"هێزی کوشندەی کەمەرشكێن"
 
ترەمپ، رۆژی شەممە، لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڕەشەی بەکارهێنانی "هێزی کوشندەی کەمەرشكێنی" لە حووسییەکان کرد، بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی کۆتایی بە هێرشی حووسییەکان بێنێت. 
 
ترەمپ لە پۆستەکەیدا نووسی "هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمریکا قبووڵ ناکرێن. تا ئەو کاتەی ئامانجەکانمان بەدەستدەهێنین، هێزی کوشندەی کەمەرشکێن بەکاردێنین."
 
ترەمپ بە پیتی گەورە بۆ حووسییەکانی نووسیوە "کاتتان تەواو بوو. پێویستە هێرشەکانتان بووەستن، لە ئەمڕۆوە. ئەگەر وانەکەن، دۆزەختان بەسەردا دەبارێت کە هەرگیز پێشتر شتی لەو شێوەیەتان نەبینیوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریش بە ئێران دەدات و دەڵێت "پێویستە دەستبەجێ پشتیوانیکردنی حووسییە تیرۆریستەکان بووەستێت. هەڕەشە لە خەڵکی ئەمریکا و سەرۆککەیان نەکەن کە لە مێژووی سەرۆکایەتیدا گەورەترین ئەرکی لە ئەستۆ گرتووە."
 
سەرۆکی ئەمریکا لە هەڕەشەکەیدا بۆ ئێران دەشڵێت، ئەگەر پشتیوانی لە حووسییەکان بکەن، "ئاگادار بن، چونکە ئەمریکا رووبەڕووی بەرپرسیاریێتیتان دەکاتەوە و لەوەدا نەرم و نیان نابین!"
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە