رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی دوورگەی کالیدۆنیای نوێ لە باشووری رۆژئاوای زەریای هێمن، کە لە نێوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە لەژێر فەرمانڕەوایی فەرەنسادایە، لە رۆژی چوارشەممەوە دژی دەرکردنی بڕیارێک لە پەرلەمانی فەرەنسا، خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەردەبڕن.
لویس لێ فرانک، دانیشتووی کالیدۆنیای نوێ دەڵێت، "هەست بە چەوسانەوە دەکەین و زۆر لەو دۆخە نیگەرانین؛ ئێمەی گەلی کەناک دەمانەوێت مافمان بپارێزێت و گوێمان لێ بگیرێت."
دانیشتوویەکی دیکەی کالیدۆنیای نوێ دەڵێت، "ئەوەی من هەستی پێدەکەم ئەوەیە، ئەوان هەرگیز گرنگی بە ئێمە نادەن؛ ئەوان باس لە هاوبەشیپێکردن و راگرتنی باڵانس دەکەن، بەڵام هەرگیز ئەوەیان جێبەجێ نەکردووە."
رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی فەرەنسا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسایەکی پەسند کرد کە تێیدا رێگە بە هاووڵاتییانی فەرەنسی دەدات، ئەگەر 10 ساڵ لە دوورگەی کالیدۆنیا نیشتەجێ ببن، دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی دوورگەکەدا بکەن.
ئەم بڕیارەش تووڕەیی و نیگەرانیی گەلی "کاناک"ی لێکەوتووەتەوە، کە خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن و پێیانوایە بە پەسند کردنی ئەو یاسایە، دەنگیان پەراوێز خراوە.
بەرپرسانی فەرەنسا جگە لەوەی باری نائاساییان لە دوورگەکە راگەیاندووە، چەند یەکەیەکی سەربازییان ناردووەتە دوورگەکە و هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە بە هێز وەڵامی ناڕەزایەتییەکان دەدەنەوە.
لویس لێ فرانک، کۆمیسیاری باڵای فەرەنسا لە کالیدۆنیای نوێ دەڵێت، "داوا لە بەرپرسانی خۆجێیی دەکەم رێگە نەدەن دۆخەکە بەرەو خراپی بچێت. نامانەوێت هیچ کەسێک گیان لەدەست بدات، بەڵام ئێمە دەستەوەستان راناوەستین و سەیر ناکەین ئەگەر تەقەکردن بەردەوام بێت؛ تاوانکاران دەستگیر دەکرێن و دادپەروەرییان بەسەردا دەچەسپێت."
ژمارەی دانیشتووانی کالیدۆنیا نزیکەی 300 هەزار کەسە، زیاتر لە 42%یان دانیشتووی رەسەنی دوورگەکەن، کە بە کاناک ناسراون، 37%یان لە نەوەکانی فەرەنسییەکانن، کە بە کاڵدوش بانگ دەکرێن و 21%ی دانیشتووانی دیکە پێکهاتەی دیکەن، کە چەندین دەیەیە نیشتەجێی دوورگەکەن.
تاوەکو ئێستا سێ جار لە دوورگەکە گشتپرسی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی کراوە، بەڵام هەر سێجار خەڵکی دوورگەکە دەنگیان بە مانەوە لەژێر دەسەڵاتی فەرەنسا داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ