رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی بەلجیکا بەدوای رێگەیەکی یاساییدا دەگەڕێت بۆئەوەی حکومەتی کوردستان تۆمەتبارێکی کوردی رادەست بکات.
رۆژانی رابردوو ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، کەسێکی دەستگیر کردووە کە تۆمەتبارە بە قاچاخچێتیکردن بە مرۆڤەوە. میدیای بەریتانی و بەلجیکی ئەو کەسە وەکو "بارزان ئێم." دەناسێنن و دەڵێن، تەمەنی 36 ساڵە و بە (دووپشک) ناسراوە.
لە ساڵی 2016وە پۆلیسی ئەورووپی و ئینتەرپۆڵ بەدوای ناسنامەی "دووپشکە"وە بوون، کە تۆمەتبارە بە بەقاچاخبردنی دەیان کۆچبەر و هەندێک لەوانەش لە رێگەدا گیانیان لەدەستداوە.
کۆتایی ساڵی 2022 دادگایەکی بەلجیکا حوکمی 10 ساڵ زیندان و پێبژاردنی نزیکەی یەک ملیۆن یۆرۆی بۆ دووپشک بڕییەوە، بەڵام لەبەرئەوەی بارزان نەدەدۆزرایەوە، حوکمەکەی جێبەجێ نەدەکرا.
رۆژانی رابردوو بارزان لە سلێمانی بەشداریی لە هەڤپەیڤینێکدا کرد لەگەڵ میدیای فەرمیی بەریتانیا. بەو هۆیەشەوە شوێنەکەی ئاشکرا بوو و دەستگیر کرا.
ئان کولۆڤیاک، داواکاری گشتییە لە وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵیی بەلجیکا و دەڵێت، وڵاتەکەی هیچ رێککەوتنێکی بۆ رادەستکردنەوەی تۆمەتباران لەگەڵ عێراقدا نییە، بەڵام وەکو ئەو باسی دەکات، خەریکن رێگەیەکی یاسایی گونجاو دەدۆزنەوە بۆئەوەی بارزان رادەستی ئەوان بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ