رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، رۆژی دووشەممە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ ڤیلادمیر پووتینی هاوتا رووسییەکەی دەکات بۆ ئەوەی هەوڵەکانی کۆتایهێنان بە جەنگی ئۆکراینا تاوتوێ بکەن.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیالی خۆیەوە گوتی، تەوەری قسەکانی لەگەڵ پووتین کۆتاییهێنان دەبێت بەو "گۆمەخوێنە"ی لە ئۆکراینا هەیە، هەروەها باس لە بازرگانیی نێوان ئەمریکا و رووسیا دەکەن.
ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات، دوای قسەکردن لەگەڵ پووتین، پەیوەندی بە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و "ژمارەیەک بەرپرسی ناتۆ"وە دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا نووسیویەتی: "هیواخوازم رۆژێکی بەرهەمدار بێت، ئاگربەستێک رابگەیێندرێت و ئەم جەنگە سەختە کە هەرگیز نەدەبوو رووبدات، کۆتایی بێت."
ترەمپ پێش ئەوەی ببێتەوە بە سەرۆک، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکان رایگەیاندبوو کە "24 کاژێر" دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، دەتوانێت رووسیا و ئۆکراینا بە وەستاندنی جەنگ رازی بکات، بەڵام دوای نزیکەی پێنج مانگ، هێشتا نەیتوانیوە بەڵێنەکەی بباتەسەر.
چەند هەفتەیەکە کیێڤ و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی هەوڵ دەدەن رووسیا بە ئاگربەستێکی "بێ مەرج"ی 30 رۆژە رازی بکەن، بەڵام مۆسکۆ دەستپێشخەرییەکەیان رەت دەکاتەوە، چونکە پێیوایە، وەستاندنی شەڕ وادەکات سوپای ئۆکراینا لە رێگەی پشتیوانیی سەربازیی وڵاتانی رۆژئاواوە خۆی بەهێز بکاتەوە، لە کاتێکدا ئێستا رووبەڕووی ئاستەنگی سەربازی دەبێتەوە، بۆیە کرێملین داوا دەکات، پێش ئاگربەست، ناردنی هەموو هاوکارییەکی سەربازی بۆ ئۆکراینا بوەستێت.
رۆژی هەینی، شاندەکانی هەردوولا لە ئیستەنبووڵ رێککەوتن هەر یەکەیان هەزار دیلی جەنگی لایەنی بەرامبەر ئازاد بکات. هەروەها رایانگەیاند، گفتوگۆیان لەسەر ئەگەری ئاگربەست و کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی هەردوولا کردووە.
ئەمڕۆ کرێملین رایگەیاند، هەر کۆبوونەوەیەکی لووتکە لە نێوان پووتین و زیلینسکیدا بکرێت، دەکەوێتە دوای رێککەوتنی ئاگربەست.
هەر لە رۆژی هەینی، سەرکردەکانی ئەورووپا لە کاتی کۆبوونەوەیان لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا، لەگەڵ زیلینیسکی بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ ترەمپ کرد.
وەک ئامادەکارییەک بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی رۆژی دووشەممە لە نێوان سەرۆکەکانی هەردوولا، ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤی هاوتا رووسییەکەیدا کردووە و پێشوازیی لە رێککەوتنی دیل گۆڕینەوەی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ کردووە.
روبیۆ باسی لەوە کرد، کە پەیوەندییەکەی ترەمپ و پووتین لە رۆژی دووشەممە، بۆ ئاگربەست گرنگ دەبێت.
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "وەزیر [روبیۆ] جەختی لە بانگەوازی سەرۆک ترەمپ بۆ ئاگربەستێکی دەستبەجێ کردەوە."
جەنگەکە لە شوباتی 2022 بە هێرشی رووسیا بۆ سەر رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ