جیاکاری و زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی هێز، پۆلیسی منیاپڵس دەخاتە ژێر چاودێریی پۆلیسی فیدراڵیی ئەمریکاوە

17-06-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ  

داواکاری گشتیی ئەمریکا دەڵێت، پۆلیسی شاری منیاپڵس لە ویلایەتی مینیسۆتا، لە بەکارهێنانی هێزی دژی رەشپێستەکان زێدەڕۆیی دەکات و جیاوازی لەنێوان ئەمریکییەکاندا دەکات؛ ئەوەش وایکردووە پۆلیسی شارەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە چاودێری بخرێتە سەر. 

رۆژی هەینی 16ـی حوزەیرانی 2023، مێرکی گارلاند، داواکاری گشتیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای پۆلیسی شاری منیاپڵس گوتی، پۆلیسی فیدراڵیی ئەمریکا دەیەوێت چاکسازی لە پۆلیسی شاری منیاپڵسدا بکات. گارلاند رایگەیاند، "ئێمە ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە پۆلیسی منیاپڵس لە بەکارهێنانی هێز زێدەڕۆیی کردووە، لەکاتێکدایە کە بەرکار‌هێنانی هێز پێویست نەبووە."
 
پۆلیسی منیاپڵس، بەگوتەی گارلاند، "هێزی ناڕەوای کوشندە بەکاردەهێنێت و بەشێوەیەکی ناڕەوا داری کارەبایی بەکاردەهێنێت."
 
ئەفسەرەکانی پۆلیسی منیاپڵس، زۆرجار دەستوەردانیان نەکردووە و بێدەنگ بوون کاتێک بینیویانە کە هاوکارەکانیان هێزی زیادەی ناڕەوا بەکاردەهێنن و جیاکارییان دژی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتی تەندروست رەفتار کردووە و بەشێوەیەکی نادەستووری بەرەنگاری خۆپێشاندەران و رۆژنامەنووسان بوونەتەوە، ئەوە وەک داواکاری گشتیی ئەمریکا باسی دەکات. 
 
چاکسازییەکە، بەگوتەی گارلاند، "بە رێککەوتن لەنێوان بەرپرسانی شاری منیاپڵس و وەزارەتی دادی ئەمریکا دەبێت و دادوەرێک لە دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا، چاودێری بەرەوپێشڤەچوونی چاکسازییەکە دەکات."
 
گارلاند دەشڵێت، "ئێمە چاودێریی ژمارەیەکی زۆری ئەفسەرانی فەرمانگەی پۆلیسی منیاپڵسمان کرد کە ئەرکە زەحمەتەکەیان پیشەگەرانە و بوێرانە و بە رێزەوە ئەنجامداوە، بەڵام ئەو شێواز و رەفتارانەی کە بەرچاوی ئێمە کەوتوون وا دەکەن ئەوەی بەسەر جۆرج فلۆید هات، ئەگەری روودانەوەی هەبێت."
 
رۆژی هەینی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی کارەکانی پۆلیسی منیاپڵس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەم یاساییەک بۆ چاکسازی دەربکات بۆ ئەوەی متمانەی گشتی زیاتربێت، رووبەڕووی جیاکاری رەگەزی ببێتەوە و ببێتە هۆی ئەوەی سەلامەتی گشتی بەهێزتر ببێت." 
 
ئەوە لە کاتێکدایە، دوای دوو ساڵ لە کوشتنی هاووڵاتییەکی شاری منیاپڵس بەناوی جۆرج فلۆید لەلایەن ئەفسەرێکی پۆلیسی شارەکە، وەزارەتی دادی ئەمریکا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، "کێشەی سیستماتیکی" لە پۆلیسی منیاپڵس بووەتە هۆی ئەوەی فلۆید بکوژرێت. 
 
جۆرج فلۆید هاووڵاتییەکی رەشپێستی ئەمریکی بوو، رۆژی 25ی ئایاری 2020 لە بەردەم مارکێتێک لە شاری منیاپڵس لە ویلایەتی مینیسۆتا لە ئەمریکا بەدەستی پۆلیسێکی سپیپێست گیانی لەدەستدا، ئەو رووداوە ناڕەزایی و توڕەیی زۆری لە ئەمریکا بەدوای خۆیدا هێنا و لە زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمریکا خۆپێشاندان بەوهۆیەوە بەڕێوەچوو. هاوکات جووڵانەوەیەکیش بەناوی "ژیانی رەشپێستەکان گرنگە" راگەیێندرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.