رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی لە چوارچێوەی پلانی جێگیرکردنی بۆمبی ئەتۆمی لە وڵاتانی هاوسنووری ئۆکراینادا یەکەمین بۆمبی ئەتۆمی لە بێلاڕووس جێگیرکردووە.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆڕبەندی ئابووریی سان پیتەرسبۆرگ رایگەیاند، رووسیا بۆمبی ئەتۆمی لە بێلاڕووس جێگیرکردووە و ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو کۆتایی هاوینی ئەمساڵ، ژمارەیەکی دیکە چەکی ئەتۆمی لەو وڵاتە جێگیر دەکرێن.
پووتین گوتی، "لەگەڵ هاوپەیمانەکەمان لۆکاشینکۆ، گفتوگۆمان کرد بۆ ئەوەی بەشێک لە چەکە ئەتۆمییە ستراتیژییەکەمان بگوازینەوە بۆ نێو خاکی بێلاڕووس؛ ئەوەش روویداوە". پووتین گوتیشی، "ئەوە رێوشوێنێکی خۆپارێزییە بۆ هەموو ئەوانەی کە بیر لە رووسیا و شکستە ستراتیژییەکەی دەکەنەوە."
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی 14-6-2023، ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە رووسیا بەشێک لە چەکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی لە بێلاڕووس جێگیرکردووە و گوتی، "هیچ دوودڵ نابین لە بەکارهێنانی ئەو چەکانە ئەگەر رووبەڕووی شەڕەنگێزی ببینەوە."
رۆژی هەینی 16-6-2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە سەنگاپوور رەخنەی لە گووتەکانی پووتین سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی گرت و رایگەیاند، "ئێمە هیچ ئاماژەیەک نابینین کە رووسیا ئامادەکاری بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بکات."
لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینادا ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاندووە و جگە لە یارمەتی دارایی، چەندین جۆر چەک و کەرەستەی سەربازییان بۆ ئۆکراینا دابینکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ