رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە هەوڵی وەستاندنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران نادات، بەڵکو دەیەوێت بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران "بە راستی کۆتایی پێ بێت"، ئەمە وەک میدیای ئەمریکی باسی دەکات.
لە کاتی گەڕانەوەی لە کەنەداوە بۆ واشنتن، ترەمپ لە نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتییدا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "نەمگوتووە ئاگربەستم دەوێت"؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەیەوێت "کۆتاییهاتنێکی راستەقینە" بۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەدەستبێت و تاران "بە تەواوی دەستبەرداری" چەکی ئەتۆمی بێت.
ئێران بەردەوام رەتیکردووەتەوە ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دروستکردن بۆمب بێت.
ترەمپ هەروەها باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کەم ناکاتەوە؛ گوتیشی: "دوو رۆژی دیکە دەزانن چی دەبێت. دەیبینن. تاوەکو ئێستا هیچ کەس [هێرشەکانی] خاونەکردوونەتەوە."
بڕیارە ئەمڕۆ ترەمپ لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هەستیارەکان لە کۆشکی سپی دۆخەکە تاوتوێ بکات، لە کاتێکدا باس لە ئەگەری بەشداربوونی ئەمریکا لە جەنگەکەدا دەکرێت، چونکە ئیسرائیل توانای سەربازیی پێویستی نییە بۆ لێدان لە بنکەی ئەتۆمیی فوردۆ لە نزیک شاری قوم کە لە ژێر زەویدایە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، پێویست بوو لە کۆشکی سپی بێت، بۆ ئەوەی راستەوخۆ و بە باشی گوێی لە زانیارییەکان بێت لەبری ئەوەی بە تەلەفۆن لەسەر هێڵ بێت.
ترەمپ هەروەها دڵنیا نییە کە ئایا ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی تایبەت یانیش جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک بنێرێت بۆ ئەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئێرانییەکان بکەن.
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا دەیاننێرێت یان نا، ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "رەنگە،" بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەوە بەندە لەسەر ئەوەی کە گەڕامەوە چی روودەدات."
لەبارەی ئەگەری هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، ترەمپ گوتی: "ئێران دەزانێت کە نابێت دەست لە هێزەکانمان بدات،" ئەگەر نا، ئەمریکا "بە هێزێکی یەکجار گەورەوە لێی دەدات."
دەقی پرسیاری رۆژنامەڤانان و وەڵامی دۆناڵد ترەمپ:
رۆژنامەڤانی یەکەم: پێش ئەوەی بەڕێبکەوی، گوتت بەهۆی ئاگربەست نییە کە دەگەڕێیەوە، دەتوانی روونتری بکەیەوە؟
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا: ئێمە بە دوای ئاگربەستەوە نین. ئەوە ئیمانوێل بوو وایگوت، کە پیاوێکی چاکە، بەڵام زۆر جار راست نایپێکێت، ئێمە بەدوای شتێکەوەین کە لە ئاگربەست باشتر بێت."
رۆژنامەڤانی دووەم: چ شتێک لە ئاگربەست باشترە؟ چیتان دەوێت؟
دۆناڵد ترەمپ: کۆتایی. کۆتاییهاتنێکی راستەقینە، نەوەک ئاگربەست. دەبێت بە تەواوی دەستبەرداری بن، ئەوەش شتێکی باشە.
رۆژنامەڤانی دووەم: دەکرێت ئەم شتە لە 24 کاژێردا رووبدات؟
دۆناڵد ترەمپ: بۆچی نا؟ بێگومان دەرفەتی ئەوەیان هەیە. دەکرێت بە تەواوی دەستبەرداری بن.
دۆناڵد ترەمپ: کارێکی زۆر باش دەکەین. لەبیرتان بێت، نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، کورت و پوخت، پێویست ناکات بە قووڵی بچینە نێو بابەتەکە، بە سادەیی نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت.
رۆژنامەڤانی سێیەم: داوات لە خەڵکی تاران کرد شارەکە چۆڵ بکەن، ئایا ئەوە هەڕەشەیە یان شتێک بەڕێوەیە؟ بۆچی داوای چۆڵکردنت کرد؟
دۆناڵد ترەمپ: تەنیا ئەوەیە کە دەمەوێت خەڵک سەلامەت بێت. هەمیشە دەکرێت هەندی شت رووبدەن. تەنیا دەمەوێت خەڵکەکە سەلامەت بن. ئێمە خەڵکی زۆر باشمان هەیە و دەزانن چۆن خۆیان بپارێزن. ئەگەر ئەوان شتێک لە خەڵکەکەمان بکەن، زۆر بە هێزەوە لێیان دەدەین. پێم وایە ئەوان دەزانن کە نابێت دەست لە هێزەکانمان بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ