رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ رایانگەیاندووە، کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بڕیاریداوە هێزی زیاتر و فڕۆکەی جەنگیی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات.
رۆژی سێشەممە، 17ی حوزەیرانی 2025، سێ بەرپرسی ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، سوپای ئەمریکا فڕۆکەی جەنگیی زیاتر لە رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر دەکات و ماوەی مانەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی دیکەش درێژ دەکاتەوە.
هەروەها یەکێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان رایگەیاندووە: "رەوانەکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16، F-22 و F-35 لەخۆدەگرن."
دووان لە بەرپرسە ئەمریکییەکان رایانگەیاندووە رەنگە ئەمریکا کەشتیی جەنگی کە توانای خستنەخوارەوەی مووشەکی بالیستییان هەبێت، رەوانەی دەریایی سپیی نێوەڕاست دەکات.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشوەختە هێزێکی بەرچاوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، کە نزیکەی 40 هەزار سەرباز لە ناوچەکەدا جێگیر کراون، لەگەڵ سیستمی بەرگریی ئاسمانی، فڕۆکەی جەنگی و کەشتیی جەنگی کە توانای دەستنیشانکردن و خستنەخوارەوەی مووشەکە پێشکەوتووەکانی هەیە.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ئەمشەو بەکاتی هەولێر لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی و گەورە راوێژکارانی لە کۆشکی سپی کۆدەبنەوە بۆ بڕیاردان لە بەشداریکردن یانیش بەشدارینەکردن لە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران و پشتگرییکردن لە ئیسرائیل لەو شەڕەدا.
رۆژی سێشەممە، لەمیانی سەردانیکردنی ئەو شوێنانەی کە بەر هێرشەکانی ئێران کەوتوون لە شاری تەل ئەڤیڤ، ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بۆ یەکەمین جار دانی بەوەدا نا کە ئەمریکا لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێراندا هاوکارییان کردوون.
رۆژی 13-6-2025 ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و رایگەیاند ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە لەنێوبردنی بەرنامەی ئەتۆمیی و توانا مووشەکییەکانی ئێرانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ