ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات

17-07-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی ئەمدواییەی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، دەشڵێت، ئەو هێرشانە داهاتووی ئابووریی وڵاتەکە دەخاتە مەترسییەوە. داواش لە حکومەتی عێراق دەکات ئەرکی خۆی بەجێبگەیەنێت و تەواوی هاووڵاتیان و خاکەکەی لەو ‌هێرشانە بپارێزێت. 
 
رۆژی چوارشەممە، 16ی تەممووزی 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی، کە لە دوو رۆژی رابردوو کرانە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، "ئەو هێرشانە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەکاتە ئامانج، کە وەبەرهێنان لە داهاتووی وڵاتەکەدا دەکەن." 
 
لەبەیاننامەکەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە: "ئەمریکا بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییانە دەکات کە لە 14ی تەممووزەوە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج."
 
تامی برووس دەڵێت، "ئەم هێرشانە سەقامگیریی عێراق و داهاتووی ئابوورییەکەی دەخەنە مەترسییەوە. حکومەتی عێراق ئەرکیەتی خاکەکەی و هەموو هاووڵاتییانی بپارێزێت. ئەم هێرشانە ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانە دەکەنە ئامانج کە لەگەڵ عێراقدا بۆ وەبەرهێنان لە داهاتووی وڵاتەکەدا، کاردەکەن."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا دووپاتیکردەوە کە "ئەمریکا پابەندی هاوبەشەکانیەتی لە سەرتاسەری عێراق کە کاردەکەن بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەقامگیر، فیدراڵ و سەروەر."
 
رۆژی چوارشەممە تامی برووس لە وەلامی پرسیاری دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن، سەبارەت بە هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ لەبەرامبەر بەو هێرشانە، رایگەیاند "ئەم جۆرە هێرشانە لە هەرێمی کوردستانی عێراق قبووڵنەکراون. ئێمە نیگەرانی و ناڕەزایەتیی خۆمانمان لەبارەیانەوە دەربڕیوە." 
 
ئەم سەرکۆنەیەی ئەمریکاش لەدوای ئەوە دێت، کە شەوی چوارشەممە، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە، نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەستداوە. هەروەها داوا یارمەتیی بەرگری لە ئەمریکا کرد و رەخنەشی لە بێدەنگیی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گرت.

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا و ستیڤ ویکتۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە. وێنە: AFP

ئۆکراینا: لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا پێشکەوتنی راستەقینە بەدەستهاتووە

بەرپرسی باڵای دانوستاندنکاری کیێڤ رایگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆ چڕەکانی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی لە بەرلین، کە بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا بەڕێوەچوو، "پێشکەوتنی راستەقینە" بەدەستهاتووە.