رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، پلانی هەیە رێگە بە گەنجانی تەمەن 16 و 17 ساڵ بدات لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا دەنگ بدەن، ئەمەش گۆڕانکارییەکی مێژووییە و بەریتانیا دەکاتە یەکێک لەو وڵاتانەی کەمترین تەمەنی دەنگدانیان هەیە لە جیهاندا.
ئەم هەنگاوە دوای بەڵێنێکی پارتی کاری دەسەڵاتدار دێت کە پێش بردنەوەی هەڵبژاردن لە ساڵی رابردوودا دابووی. پێدەچێت گۆڕینی تەمەنی دەنگدان مشتومڕی زۆری لەسەر دروست ببێت، چونکە رەخنەگران پێشتر دەیانگوت ئەمە هەنگاوێکی خۆپەرستانەیە، چونکە ئەو هەرزەکارانەی مافی دەنگدانیان پێدەدرێت، زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە پشتگیریی پارتی کاری چەپ بکەن.
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی: "پێموایە زۆر گرنگە کە گەنجانی تەمەن 16 و 17 ساڵ مافی دەنگدانیان هەبێت، چونکە تەمەنیان گونجاوە بۆ ئەوەی بچنە دەرەوە بۆ کارکردن، تەمەنیان گونجاوە بۆ پێدانی باج، بۆیە لە سیستەمەکەدا بەشدارن."
ستامەر گوتیشی: "پێشموایە ئەگەر تۆ بەشدار بیت، دەبێت دەرفەتی ئەوەت هەبێت کە بڵێیت دەتەوێت پارەکەت لە چیدا خەرج بکرێت و حکومەت بەرەو کوێ بڕوات".
حکومەت دەبێت یاسایەک پێشکێشی پەرلەمان بکات، بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکان بکات.
تەنیا ژمارەیەکی کەم لە وڵاتان رێگە بە گەنجانی تەمەن 16 ساڵ دەدەن لە هەڵبژاردنە نیشتمانییەکاندا دەنگ بدەن. لەوانەش نەمسا، کە یەکەم وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا بوو لە ساڵی 2007 تەمەنی دەنگدانی بۆ 16 ساڵ دابەزاند، هەروەها ئەرجەنتین، بەرازیل، ئیکوادۆر و کوبا لە لیستەکەدا هەن.
وەزیرانی پارتی کار لە بەریتانیا جەخت لەوە دەکەنەوە، مەبەست لە گۆڕانکارییەکە "مۆدێرنکردنی دیموکراسییەکەمان" و زیادکردنی رێژەی بەشداریکردنە، هاوکات هاوتاکردنی هەڵبژاردنە گشتییەکانە لەگەڵ تەمەنی دەنگدانی ئێستا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانە هەرێمییەکانی سکۆتلەندا و وێڵز.
گۆڕانکارییە پلان بۆ دانراوەکانی دیکە بریتین لە، ناساندنی تۆمارکردنی ئۆتۆماتیکیی دەنگدەران، کە پێشتر لە ئوسترالیا و کەنەدا بەکاردەهات و قبووڵکردنی کارتی بانکیی وەک فۆرمێکی ناسنامە لە بنکەکانی دەنگدان.
ئەمە دوای ئەو گۆڕانکاریانە دێت کە لە یاسای هەڵبژاردندا لەلایەن حکومەتی پێشووی پارتی پارێزگارانەوە ناسێندرا، کە داوای لە دەنگدەران دەکرد ناسنامەیەکی وێنەدار نیشان بدەن، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن رایگەیاند بووە هۆی ئەوەی نزیکەی 750,000 کەس لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردوودا دەنگ نەدەن.
هاری کویڵتەر پینەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دامەزراوەی توێژینەوەی سیاسەتی گشتی، گوتی گۆڕانکارییەکان " لە سیستەمی هەڵبژاردنماندا لە ساڵی 1969ەوە، گەورەترین چاکسازین."
کویڵتەر پینەرئاماژەی بەوەشکرد، دابەزاندنی تەمەنی دەنگدان و ناساندنی تۆمارکردنی ئۆتۆماتیکیی دەنگدەران دەتوانێت 9.5 ملیۆن کەسی دیکە بۆ لیستی دەنگدەران زیاد بکات.
هەروەها گوتی: "دیموکراسییەکەمان لە قەیراندایە و مەترسیی ئەوەمان لەسەرە بگەینە خاڵێکی وەرچەرخان کە تێیدا سیاسەت رەوایەتیی خۆی لەدەست دەدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ