رووداو دیجیتاڵ
لە شاری هامینکلن لە ئەڵمانیا، گەنجانی دیاسپۆرانشین لە سەرتاسەری دنیاوە کۆبوونەتەوە و رۆژی شەممە و یەکشەممە 17 و 18ی ئابی 2024 کۆنفرانسێک لەوبارەیەوە بەڕێوەدەچێت، بەناوی کۆنفرانسی "گەنجانی سەربەخۆی کوردستانی لە دیاسپۆرا."
گەنجە بەشدارەکان خوێندەوار و چالاک و پڕ لە وزەن و پلانیان زۆرە. تیمی دیاسپۆرا بە شێوەیەکی مەیدانی چووە نێو هۆڵی کۆنفرانسەکە تاوەکو لە نزیکەوە لەسەر پلان و ئامانجی کۆنفرانسەکە لە زاری چەند رێکخەرێکی کۆنفرانسەکەوە بە بینەرانی ئاشنا بکات.
هەریەکە لە رێزان عەبدوڵڵاهی و رۆژدا باکووری لە رێکخەرانی کۆنفرانسی گەنجانی دیاسپۆرا بوونە میوانی بەرنامەی دیاسپۆرا، کە هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشی دەکات. سەرەتا رێزان عەبدوڵڵاهی روونیکردەوە، ئەوان هەوڵدەدەن گرنگیی زیاتر بە چالاکییەکانی کورد بدەن لە دیاسپۆرا و گوتی، "دیاسپۆرای کورد رۆژ بە رۆژ گەورەتر دەبێت، بۆیە ئێستا بایەخی زۆر زیاتر بووە."
رێزان عەبدوڵڵاهی لەبارەی پانێڵەکانی کۆنفرانسەکە گوتی، "لە کۆنفرانسەکە چوار پانێلی تایبەت بە چالاکیی گەنجانی کورد لە دیاسپۆرا بەڕێوەدەبەین، بریتین لە پانێلی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پانێلی وەرزشی، پانێلی هونەر و سینەما و پانێلی ئەدەبیات و وەرگێڕان، بەڵام زیاتر گرنگی بەلایەنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و هەروەها کەسانی شارەزای کوردی دیاسپۆرا دەدەین، دەیانکەین بە سەکۆیەک بۆ ئەوەی کورد زیاتر لێک نزیکببنەوەو یەکتر بناسن و ئامانجە گەورەکەی دۆزی کورد بەڕوونی بگەیێنین و هەروەها کاری بۆ بکەین و بیهێنینەدی."
رێزان عەبدوڵڵاهی روونیکردەوە بۆ کۆنفرانسەکە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی بواری سیاسیی کورد لە دیاسپۆرا بانگهێشتکراون، چونکە ئەوان کاریگەرییان زۆرە و دەڵێت، "گرنگی و بایەخی کوردی دیاسپۆرا بۆ ئامانجە گەورەکە کە سەربەخۆییە پاڵپشتییەکی بەهێزە."
لای خۆیەوە رۆژدا یاشک، کە ئەمیش یەکێکە لە رێکخەرانی کۆنفرانسەکە، گوتی، "جیاوازی لە نێوان کوردی هیچ پارچەیەک ناکەین و وەک یەک پارچە کار دەکەین و یەک ئامانجمان هەیە، ئەویش سەربەخۆیی کوردستانە بە هەموو پارچەکانیەوە." دەشڵێت، "هەموو پارچەکانی کوردستان لە دیاسپۆرا دەتوانن هاوکاری یەکدی بن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکە."
رۆژدا یاشک روونیکردەوە، ئامانجێکی دیکەی کۆنفرانسەکە ئەوەیە کە دەیانەوێت لە رێگەی کۆنفرانسەکەوە خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ کوردستان لە رێگەی دیاسپۆراوە دابین بکەن.
رۆژدا یاشک ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵدەدەین لە دیاسپۆرای کورد پێناسەی سەربەخۆیی بکەن. گوتیشی، "هەرچی کورد دەیکات بۆ خزمەتکردنە بە نیشتمانەکەی و ئێمەش لە کۆنفرانسەکەدا کار بۆ ئەمە دەکەین."
هەر لە کۆنفرانسی گەنجانی سەربەخۆی کوردستانی لە دیاسپۆرا، یەکێک لە بەشداربووان خاتوو هیڤرۆن بوو، کە خانمێکی هونەرمەندی کوردی دیاسپۆرایە و کەسێکی زۆر بەناوبانگە و جگە لە کاری هونەری لەبواری تەندروستیشدا چالاکە، ئەو لەدایکبووی سوێدە و ئێستا لە کەنەدا کاری هونەری دەکات، ئەو میوانی دیاسپۆرا بوو و باسی کۆنفرانسەکەی و کارەکانی کرد و رایگەیاند، کوردانی دانیشتووی سوێد لە زۆربەی بوارەکاندا سەرکەوتوو بوون و دەڵێت، "کوردانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان لە دەرەوە یەکگرتووترن، بەگشتی کورد لە دیاسپۆرا توانیوێتی سەرکەوتنی باش بەدەست بێنێت و دڵنیام ئەم کۆنفرانسەش ئامانجەکە نزیک دەکاتەوە."
سەبارەت بە دیاسپۆرای کوردی لە سوێد هیڤرۆن دەڵێت، "کورد لە سوێد کاریگەریی زمانەکانی دیکەی لەسەرە و بۆیە هەمووان ناتوانن فێری کوردییەکی باش بن، بەڵام کاتێک چوومە کەنەدا لەوێ فێربوونی زمانی کوردی ئاسانتر بوو بۆم و لەوێ بەباشی فێربووم."
هیڤرۆن کە ئێستا نیشتەجێی کەنەدایە روونیکردەوە، کە لە کەنەدا ئەو سنووردار نەبووە بۆ چالاکیی نەتەوەیی و توانیویەتی بچێتە دەزگاکانی راگەیاندن و لەگەڵ کارەکەی دۆزی نەتەوەکەی زیاتر بگەیێنێت و دەشڵێت"لە ساڵی 2015 دوای کارەساتی سەر ئیزدییەکان لەلایەن داعشەوە هاوکاریی خەڵکی شنگالم کردووە لەڕووی تەندروستییەوە."
لەبارەی پێکەوە کارکردنی هونەر و تەندروستی هیڤرۆن دەڵێت" کاری هونەری و چالاکیی تەندروستیم گرێدراوی یەکدین و دڵخۆشم بە هەردووکیان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ