سێ هەفتەیە دارستانەکانی ئیسپانیا دەسووتێن

17-08-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سێ هەفتەیە ئیسپانیا رووبەڕووی شەپۆلێکی گەرمای تووند بووەتەوە و بەهۆیەوە لە باکووری رۆژئاوا و رۆژئاوای وڵاتەکە ئاگر لە دارستانەکان کەوتوونەتەوە. بەهۆی خێرایی ئاگرەکەشەوە تیمەکان توانای کۆنترۆڵکردنیان نییە و بەو هۆیەوە حکومەت سێ هەزار و 500 سەربازی بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ناردووە.  
 
نزیکەی سێ هەفتەیە شەپۆلێکی گەرمای تووند ناوچەکانی باکووری رۆژئاوا و رۆژئاوای وڵاتەکەی گرتووەتەوە و بەو هۆیەوە دارستانەکانی هەریەک لە ناوچەکانی کاستیل، گالیسیا، ئەوستریاس و ئێکسترەمادورا دەسووتێن. 
 
پێندرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە ئێکس بڵاویکردەوە، بەهۆی سووتانی ئەو دارستانانەوە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی حکومەتیان کردووە. دەشڵێت، "حکومەت بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان". 
 
هەریەک لە فەرەنسا و ئیتاڵیا لە رێگەی فڕۆکەی بەرگریی شارستانییەوە یارمەتیی ئیسپانیا دەدەن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسپانیا، لە هەندێک شوێن خێرایی سووتانی دارستانەکان دەگاتە 40 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا. 
 
بەرپرسانی ئیسپانیا دەڵێن، بەهۆی سووتانی ئەو دارستانانەوە 10 رێگەی سەرەکی و هێڵی شەمەندەفەری نێوان مەدریدی پایتەخت و هەرێمی گالیسیا داخراون. هەرێمی گالیسیا کەوتووەتە باکووری رۆژئاوای ئیسپانیا. 
 
میدیای ئیسپانیا بڵاویکردەوە، بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە حکومەتی وڵاتەکەیان تیمێکی تایبەتی کە لە سێ هەزار و 500 سەرباز پێکهاتوون رەوانەی ئەو ناوچانە کردووە کە ئاگری دارستانیان هەیە. 
 
بەگوێرەی سیستەمی تۆمارکردنی زانیاری سووتانی دارستانەکانی ئەورووپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەزار و 570 کیلۆمەتر دووجا دارستانەکانی ئیسپانیا سووتاون. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە