رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا "ئاشتیی ناوێت"، بەڵکو دەیەوێت ئۆکراینا "خۆی بەدەستەوە بدات".
ئەم لێدوانەی ماکرۆن دوای کۆبوونەوەیەکی ڤیدیۆیی هات لەگەڵ "هاوپەیمانیی وڵاتە ئامادەکان" کە پشتیوانیی کیێڤ دەکەن. کۆبوونەوەکە رۆژی یەکشەممە بوو.
ماکرۆن گوتی: "ئایا پێموایە سەرۆک پووتین ئاشتیی دەوێت؟ ئەگەر بیرکردنەوەی منتان دەوێت، وەڵامەکە نەخێرە. ئەو دەیەوێت ئۆکراینا خۆی بەدەستەوە بدات، ئەمە ئەوەیە کە پێشنیازی کردووە." هاوکات جەختیکردەوە خوازیاری "ئاشتییەکی پتەو و بەردەوامە، واتە ئاشتییەک رێز لە یاسای نێودەوڵەتی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی هەموو وڵاتان بگرێت."
بەڵام لە بەرامبەردا رایگەیاند، پێیوایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵی ئاشتی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینادا دەدات.
ماکرۆن، کە بڕیارە سبەی دووشەممە لە واشنتن لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی ئەورووپا بەشداری لە کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا بکات، گوتی: "ئارەزوومان ئەوەیە بەرەیەکی یەکگرتوو لەنێوان ئەورووپییەکان و ئۆکراینییەکاندا دروستبکەین" و پرسیار لە ئەمریکییەکان بکەین "تاوەکو چەند" ئامادەن رۆڵ لە دابینکردنی گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئۆکراینا بکەن لە رێککەوتنی ئاشتیدا.
پرسی گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا خاڵێکی سەرەکیی گفتوگۆکانە، چونکە ئامانج لێی رێگریکردنە لەوەی رووسیا جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەر ئۆکراینا.
سەرۆکی فەرەنسا هۆشداریی دا لە پێشنیازەکەی ترەمپ بۆ پێدانی پارێزگارییەکی هاوشێوەی پەیمانی ناتۆ بە ئۆکراینا، بەبێ ئەوەی ببێتە ئەندام و گوتی: "پێموایە پێشنیازی تیۆری بەس نییە. بابەتەکە جەوهەرەکەیەتی."
ماکرۆن جەختیکردەوە "ناکرێت بێ ئۆکراینییەکان گفتوگۆ لەسەر خاکی ئۆکراینا بکرێت، هەروەها ناکرێت بێ ئەورووپییەکان گفتوگۆ لەسەر ئاسایشی ئەووروپییەکان بکرێت."
گوتیشی: "سبەی دەچینە واشنتن نەک تەنیا بۆ ئەوەی یاوەریی سەرۆکی ئۆکراینا بکەین، بەڵکو دەچین بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەورووپییەکان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ