ترەمپ لەگەڵ رۆژنامەڤانێکی ئوسترالی دەبێتە دەمەقاڵەیان و هەڕەشەی لێدەکات

17-09-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەبەردەم کۆشکی سپی لەکاتی کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، لەگەڵ جۆن لایۆنز، رۆژنامەڤانی ئوسترالی و پەیامنێری کەناڵی ئەی بی سیی ئوسترالی، بووە دەمەقاڵەیان، کاتێک لایۆنز پرسیاری لەبارەی مامەڵە بازرگانییەکانی لەکاتی سەرۆکایەتییەکەیدا لێکرد و ترەمپی تووڕە کرد، ئەویش هەڕەشەی لێکرد و گوتی، کاتێک سەرۆکوەزیرانی ئوسترالی دەبینێت "شکاتی لێدەکات." 
 
رۆژی سێشەممە، لایۆنز پرسیاری لە ترەمپ کرد ئایا چەند دەوڵەمەند بووە لەدوای گەڕانەوەی بۆ نێو کۆشکی سپی. ترەمپیش لە وەڵامدا گوتی "نازانم و منداڵەکانم کارە بازرگانییەکانی خێزانەکەم بەڕێوەدەبەن،" بەڵام دواتر بە تووندی وەڵامی دایەوە و گوتی "بە بڕوای من، ئەو پرسیارەت زیانی بە ئوسترالیا گەیاند، هەرچەندە ئەوان دەیانەوێت ببنە دۆستم." 
 
دواتر سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەشی کرد ئەو بابەتە لەگەڵ ئەنتۆنی ئالبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا باس دەکات: "لەبارەی تۆوە قسە لەگەڵ [سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا] دەکەم. تۆ کەشێکی زۆر خراپت دروست کرد." 
 
کاتێک لایۆنز هەوڵی دا پرسیارێکی دیکە بکات، ترەمپ پەنجەی بۆ دەمی برد و گوتی "بێدەنگ بە" و بەوشێوەیە کۆتایی بە دەماقاڵێکە هێنا و رووی لە رۆژنامەڤانێکی دیکە کرد. 
 
لایۆنز دوای دەمەقاڵێکەی لەگەڵ ترەمپ، رایگەیاند، ناکرێت پرسیاری رۆژنامەڤانیی بکەیت و دواتر تۆمەتبار بکرێیت بەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات تێکدەدەیت و ئەو تۆمەتبارکردنەشی بە "بێمانایە" وەسف کرد. 
 
ئەو جەختی لەوە کردەوە، پرسیارەکانی ئاسایی بوون، ورووژێنەر نەبوون، لەسەر بنەمای توێژینەوە بوون و بەهیچ شێوەیەک سووکایەتی بە سەرۆکی ئەمریکا نەکردووە. 
 
پرسیارەکانی لایۆنز بەشێک بوون لە لێکۆڵینەوەیەکی بەرنامەی بەناوی "چوار گۆشە"ی کەناڵی ئەی بی سی ئوسترالی، لەبارەی کارە بازرگانییەکانی ترەمپ لەدوای بوونەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ.
 
دەمەقاڵێی نێوان ترەمپ و ئەو رۆژنامەڤانە ئوسترالییە لە کاتێکدایە، ئەنتۆنی ئالبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا، ماوەی چەند مانگێکە هەوڵی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دەدات. کۆبوونەوەی نێوانیان لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ لە دواساتدا هەڵوەشێندرایەوە کاتێک ترەمپ لووتکەی وڵاتانی G20ی زووتر لەکاتی چاوەڕوانکراوی خۆیدا بەجێهێشت.
 
بەڵام لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، ئالبانیزی راگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو، ئەو و ترەمپ لە نیویۆرک لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کۆببنەوە. 
 
لە چەند مانگی رابردوودا، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئوسترالیا ئاڵۆز بوون، بەتایبەتی لەدوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ راگەیاندنی پێداچوونەوە بە رێککەوتنی گەورەی ژێردەریایی نێوان هەردوو وڵاتدا ناسراو بە رێککەوتنی "ئاوکەس" دەکەن.
 
ئەم رێککەوتنە بەهاکەی 239 ملیار دۆلارە و لەنێوان ئەمریکا، بەریتانیا و ئوسترالیا لە ساڵی 2021 واژۆ کرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە