رووداو دیجیتاڵ
سوپای لوبنان رایگەیاند، لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە لە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکاندا، دەستیان بەسەر 64 ملیۆن حەبی بێهۆشکەر، لە جۆری کەپتاگۆندا گرتووە.
رۆژی چوارشەممە 17-09-2025 سوپای لوبنان رایگەیاند: "دوای چاودێری و بەدواداچوونی جووڵەی چەند باندێکی بازرگانیی هۆشبەر، لە دۆڵی بیقاع، تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری لەگەڵ سوپا هەڵیانکوتایە سەر دامەزراوەیەکی ناوچەی بەعلبەک، دەستیان بەسەر نزیکەی 64 ملیۆن حەبی کەپتاگۆندا گرت."
سوپای لوبنان هەروەها رایگەیاند، یەکەکە دەستیان بەسەر 79 بەرمیل مادەی کیمیایی و چەند ئامێرێکدا گرتووە، کە بۆ دروستکردن و بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر ئامادەکرابوون.
بەعلبەک لە سووریا نزیکە، هەر لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا لە 2011، هەناردەی هۆشبەر لەو ناوچەیە هەبووە و قازانجێکی زۆر باشیشی بۆ حکومەتی پێشووی بەشار ئەسەد هەبوو.
لە لوبنان، حیزبوڵڵای هاوپەیمانیی ئەسەد، تۆمەتی ئەوەی دەدرێتە پاڵ کەپتاگۆنی بۆ پارەدارکردنی خۆی بەکارهێناوە.
کەپتاگۆن بەتەواوی ناوچەکە بڵاوبووەتەوە و جار جار وڵاتانی دەورووبەری سووریا و لوبنان هەواڵی دەستەبەسەردا گرتنی بڵاودەکەنەوە و داوا لە دوو وڵاتەکە دەکەن، هەوڵەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی بۆ ئەو بازرگانییە چڕتر بکەنەوە.
کەپتاگۆن چییە؟
کەپتاگۆن ناوی بڕاندی دەرمانێکە بەناوی (فێنێسیلین)، کە هەردوو جۆری ئەمفیتامین و سیۆفیلینی تێدایە، ئەو دەرمانە لە نێو چا و قاوەشدا هەیە؛ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی بەکاردێت، لەوانەش ADHD (ئاڵۆزیی چالاکی رادەبەدەر).
کەپتاگۆن دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی دۆپامین و نۆریپینفرین. ئەم دوو هۆرمۆنە دەبنە هۆی زیادبوونی سەرنج، وزە، دڵخۆشی و هەستی خۆش.
کاریگەرییەکانی لە ماوەی کورتخایەن
- زیادبوونی وزە، زیادبوونی متمانە بەخۆبوون و یوفۆریا (هەستکردن بە باشی و دڵخۆشبوون)
- بەکاربەر هەست بەوە دەکات بە ئاگایە و بۆ زڕاندنی خەو بەسوودە.
- بەکاربەر لە رادەربەر قسە دەکات و نایبڕێنتەوە.
- بەکاربەر لێدانی دڵی زیاد دەکات، هەست دەکات ماندووە و زۆر جار تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت.
کاریگەرییەکانی لە ماوەیەکی درێژخایەن
- ئالوودەبوون، بەتایبەت ئەگەر زۆر بەکارببرێت.
- بەکاربەر هەست بە سەرلێشێوان، پارانۆیا (هەستکردن بە گومان، دڵەڕاوکێ و ترس)، وڕێنەکردن و باوەڕکردن بە شتی ناڕاستی دەکات.
- دەکرێت بەکاربەر شەڕانگێز بکات.
- کاریگەری خراپی لەسەر دڵ و کۆئەندامی هەناسەدان دەبێت
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ