رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا دەڵێت، دوای کوژرانی چارلی کیرک، چالاکڤانی پارێزگار، ئەمریکا ئێستا لە خاڵی وەرچەرخان دایە؛ دەشڵێت، ترەمپ لەبری هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی خەڵک، وڵاتەکەی زیاتر دابەش کردووە.
رۆژی چوارشەممە 17-09-2025 باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە شاری ئێری لە ویلایەتی پێنسلڤانیا لە رێوڕەسمێکدا گوتی: "هیچ گومانێک لەوەدا نییە، بنەمای سەرەکیی سیستمی دیموکراسیی ئێمە ئەوەیە کە دەبێت بتوانین ناڕەزایەتی دەرببڕین و هەندێک کات گفتوگۆی زۆر تووندیشمان هەبێت، بەڵام بێ ئەوەی پەنا بۆ تووندوتیژی ببەین."
ئۆباما گوتی: "کاتێک رووداوێکی لەم جۆرە بەسەر کەسانێکدا دێت، تەنانەت ئەگەر پێشت وابێت ئەوان لە لایەنی بەرامبەری مشتومڕەکەن، ئەوە هەڕەشەیە بۆ هەموومان و دەبێت بە روونی و بێ پەرده سەرکۆنەیان بکەین."
ئۆباما لە دوای سەرۆکایەتییەکەیەوە تاڕادەیەک لە چاوی خەڵک دوور بووە. ئۆبامای دیموکرات باسی سەرکردایەتیی خۆی کرد دوای کوژرانی 9 هاووڵاتیی رەشپێست لە کەنیسەیەکی شاری چارلستنی کارۆلینای باشوور لە ساڵی 2015، هەروەها هەنگاوەکانی سەرۆکی کۆماریی ئەوکات جۆرج دەبلیو بوش دوای هێرشە "تیرۆریستییەکانی" 11ـی ئەیلوول. گوتی رۆڵی سەرۆک لە قەیرانێکدا ئەوەیە، "بەردەوام بیرمان بخاتەوە کە چی پێکەوەمان دەبەستێتەوە."
ئۆباما گوتی، هەست و سۆزی ترەمپ و یاریدەدەرانی دوای کوژرانی چارلی کیرک بۆ وەسفکردنی نەیارانی سیاسی بە "مێروو و دووژمن،" ئاماژەیە بۆ کێشەیەکی فراوانتر.
کۆشکی سپی وەڵامی لێدوانەکانی ئۆبامای دایەوە و ئۆبامای بەهۆکاری ناکۆکییەکانی وڵاتەکە دانا و بە "ئەندازیاری دابەشبوونی سیاسیی مۆدێرن لە ئەمریکا" وەسفی کرد.
ئەبیگەیڵ جاکسن، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی، "ئۆباما هەموو دەرفەتێکی بەکارهێنا بۆ دروستکردنی دابەشبوون و پێکدادانی ئەمریکییەکان بە یەکدیدا، دوای سەرۆکایەتییەکەی، ژمارەی ئەو ئەمریکییانەی کە هەستیان دەکرد ئۆباما وڵاتەکەی دابەش کردووە زیاتر بوو لەوانەی کە هەستیان دەکرد یەکی خستووە."
ئۆباما ئاماژەی بە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی لە واشنتن و پشکنینی ناسنامە لەلایەن بریکارانی فیدراڵی لە لۆس ئەنجلس کرد. داوای لە هاووڵاتییان و بەرپرسانی هەڵبژێردراو کرد، کە چاودێرییەکی ورد بۆ بڕیارە نائاساییەکان بکەن.
ئۆباما گوتی، لەرێگەی دەسەڵاتی جێبەجێکارییەوە، ئەو یاسا و بنەمایانەی سەرۆکەکانی پێشوو، وەکو خۆی و جۆرج بوش پێیانەوە پابەند بوون، "چیدیکە مانایان نەماوە و ئەمەش دۆخەکە ترسناکتر دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ