تیژترین بیبەری جیهان لە ئەمریکا بەرهەمهات؛ 500 هێندەی بیبەری ئاسایی تیژە

17-10-2023
نیشانەکردن بیبەری تیژ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ئەمریکا جووتیارێکی ئەمریکیی شارەزای بیبەر، جۆرە بیبەرێکی بەرهەمهێنا کە 500 ئەوەندەی بیبەری ئاسایی تیژە و کاریگەرییەکەی تاوەکو چەند کاژێرێک دەمێنێتەوە.
 
تیژترین بیبەری جیهان، ناونراوە ئێکس و لەلایەن ئێد کیوری، جووتیاری ئەمریکی و شارەزای بیبەرەوە بەرهەمهاتووە.  
 
ئێد کیوری باسی چۆنییەتیی بەرهەمهێنانی بیبەرەکە دەکات و دەڵێ ''دەزانین بیبەری ناوچەی کارۆلینا زۆر تیژە. هاوڕێیەکم لە میشیگن بیبەرێکی بۆ هێنام کە تیژییەکەی کارەسات بوو. بیبەرەکەم لەگەڵ بیبەری کارۆلینا تێکەڵ (موتوربە) کرد."
 
ئەو جوتیارە سەروکاری لەگەڵ بیبەری تیژدا زۆرە، پێشتر بەر لە 10 ساڵ، بە بەرهەمهێنانی تیژترین بیبەری جیهان ژمارەی پێوانەیی لە کتێبی گینسدا بۆ ژمارە پێوانەییەکان تۆمارکردبوو.
 
تیژیی بیبەر بە یەکەی سکۆڤیل دەپێورێت. بیبەری ئیکس تیژییەکەی 2.69 ملیۆن سکۆڤیلە و ریکۆردی پیشتری بیبەری کارۆلینای شکاند، کە 1.64 ملیۆن سکۆڤیل بوو. 
 
ئەم جووتیارە ئەمریکییە دەڵێت، بەوە ناوەستێت و سەرقاڵی بەرهەمهێنانی بیبەری تیژترە.
 
ئێد کیوری گوتی "بیبەرە تایبەتەکانمان لێرە ناچێنین و شوێنەکانیان نهێنییە. بەمە ناوەستین. هەندێ بیبەرمان چاندووە کە تەنانەت لە بیبەری ئیکس تیژترن و لە قۆناخی تاقیکردنەوەدان. نزیکەی 5 ساڵ کات دەخایەنێت بۆ ئەوەی بەتەواوەتی ئامادە بکرێن."
 
بۆ ئەوەی لە ئەندازەی تیژیی بیبەری ئیکس تێبگەین، دەبێت بزانین بیبەرێکی تیژی ئاسایی نزیکەی 5 هەزار سکۆڤیل تیژە، بەوپێیەش بیبەری ئێکس 538 هێندەی بیبەرێکی ئاسایی تیژە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە