راپۆرتێک: سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەنیازە سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێک باس لەوە دەکات، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڵێنی داوە لە چەند هەفتەی داهاتوودا پڕۆژەیاسایەک پێشکێش بکات بۆ ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە.
 
رۆژنامەی جویش کرۆنیکڵ بڵاویکردەوە، کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ کنیشتەیەکی جووەکان لە لەندەن، کە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر گڕی تێبەردرابوو، ئەو بەڵێنەی داوە.
 
ئەم بەڵێنەی بەریتانیا دوای ئەوە دێت، لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا یەکێتیی ئەورووپا رەزامەندیی دەربڕی لەسەر ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی"، ئەوەش بە تۆمەتی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی ئەو وڵاتە.
 
کاتێک پرسیار لە ستامەر کرا سەبارەت بە ئەگەری خستنە لیستی تیرۆری سوپای پاسداران، گوتی، "سەبارەت بە لایەنە دەوڵەتییە زیانبەخشەکان بەگشتی و بۆ خستنە لیستی قەدەخەکراوەکانەوە، پێویستمان بە یاسایە بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بگرینەبەر، ئەوەش ئەو یاسایەیە کە بە زووترین کات پێشکێشی دەکەین."
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتیشی، "لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەچینە دانیشتنێکی نوێی [پەرلەمان]ەوە و ئەو پڕۆژەیاسایە دەخەینەڕوو."
 
لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتەوە، دانیشتووانی جوو لە باکووری رۆژئاوای لەندەن ئاستی وریاییان بەرزکردووەتەوە، ئەوەش دوای زنجیرەیەک هێرش بە ئاگر بۆ سەر کنیشتە و ناوەندەکانی جووەکان لە بەریتانیا.
 
ستامەر پێشتر رایگەیاندبوو، "زیاتر نیگەرانە" لەو وڵاتانەی کە بریکارەکانیان بەکاردەهێنن بۆ چالاکیی تاوانکاری لە نێو شانشینی یەکگرتوودا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە