رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری رۆشنبیری لە رووسیان. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، "پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی رووسیا بەڵێنیداوە لە داهاتوودا لێکۆڵینەوەی زیاتر لە ئەدەبی کوردی بکەن و چەند کتێبێکی ئەدەبیش لە کوردییەوە وەربگێڕن بۆ زمانی رووسی".
نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی وەزارەتەکە بۆ رووسیا بە سەرۆکایەتیی حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیریی، رۆژی سێشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەیان بەشداربوون بووە لە فێستیڤاڵی سێیەمی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ.
دوێنێ دووشەممە، حەمەی حەمە سەعید، وهزیری رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، پهیمانگهی رۆژههڵاتناسی مۆسکۆ (زانستی ئەکادیمیای رووسیا)ی بهسهركردهوه و سەردانی بەشی کوردیی ئەکادیمیاکەشی کرد. نامیق هەورامی دەڵێت، "هەنگاوی کراداریمان ناوە بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ پەیمانگەکەدا کە گەورەترین پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسییە لە رووسیا، بەڵێندراوە لە داهاتوودا لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر شوناس و جوگرافیای کورد و کوردستان بکەن، هەروەها چەند کتێکبێکی ئەدەبیی کوردی وەربگێڕنە سەر زمانی رووسی."
وەزیری رۆشنبیری و شاندەکەی دوێنێ له مۆسكۆ سهردانی لهیلا لاهووتی-یان كرد، کە کچی ئهبولقاسم لاهووتی، كهسایهتی دیار و مێژوویی كرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستانە كه دهیان بهرههمی شیعری به ههورامی و سۆرانی و فارسی بڵاوكردووهتهوه و به "باوكی هونهر و ئهدهب و رۆشنبیریی ژمارهیهك له وڵاتانی یهكێتیی سۆڤیهتی جاران به تایبهتی تاجیكستان دادهنرێت". گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، لەیلا لاهووتی ئێستا لە رووسیا توێژەرە و لە سەردانەکەدا لە دۆخی ژیانیان پرسیوەتەوە.

بەگوێرەی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان، ئهبولقاسم لاهووتی ساڵی 1887 لە کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و ساڵی 1957 لە مۆسکۆ کۆچی دوایی کردووە؛ دایکی له هۆزی سهنجابی و باوکی خهڵکی "تویسرکان [لە پارێزگای هەمەدانی ئێران] بووە؛ باوکی لاهووتی (میرزا ئهحمهد ئیلهامی) شاعیر بووه."
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە شاندەکەی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە سەردانەکەیان بێنن و بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ