تاڵیبان: پاکستان هێرشی کردەوە سەرمان و ئاگربەستی شکاند؛ "وەڵام دەدەینەوە"

17-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای ئەفغانستان رایگەیاند، پاکستان ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشی کردووەتە سەر ناوچەیەکی سنووری، بەو جۆرەش ئەو ئاگربەستەی شکاند کە دوو رۆژ ئارامیی بۆ سنوور هێنابوو؛ هۆشداریشی دا کە کابوول "وەڵامی دەبێت."
 
بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رۆژی هەینی 17-10-2025 گوتی، "پاکستان ئاگربەستەکەی شکاندووە و سێ شوێنی لە پارێزگای پاکتیکا بۆردوومان کردووە. ئەفغانستان وەڵامی دەبێت."
 
شکاندنی ئاگربەستەکە لە کاتێکدایە، تەنیا چەند کاژێرێک پێشتر، پاکستان و ئەفغانستان رێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەستە 48 کاژێرییەکە، تاوەکو کۆتاییهاتنی ئەو دانوستاندنەی بڕیارە لە دەوحە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بەڕێوەبچێت.
 
شاندێکی پاکستانی گەیشتوەتە دەوحە و بڕیارە شاندی ئەفغانستانیش رۆژی شەممە بگاتە پایتەختی قەتەر.
 
لەگەڵ هەوڵە دیپلۆماسییەکان، بەرپرسانی ئەمنیی پاکستان رایانگەیاند، رۆژی هەینی لە هێرشێکی خۆکوژیدا لە نزیک سنووری ئەفغانستان، حەوت سەربازی پاکستانی کوژران و 13ی دیکەش برینداربوون. 
 
هێرشەکە کرایە سەر کەمپێکی سەربازی لە ناوچەی وەزیرستانی باکوور و گرووپێکی سەر بە تەحریکی تاڵیبانی پاکستان بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.
 
پێش هێرشە نوێیەکەی پاکستان، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان بکات، بە مەرجێک نیگەرانییە ئەمنییە رەواکانی چارەسەربکرێن. شەهباز شەریف گوتی: "ئەوان [دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان] داوای ئاگربەستیان کرد. ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێ کێشەکان بە ئاشتییانە چارەسەر بکەن، ئێمە ئامادەین. تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە."
 
سەرۆکوەزیرانی پاکستان بەرپرسانی ئەفغانستانی بە داڵدەدانی ئەندامانی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان و سوپای رزگاریی بەلوچستان تۆمەتبارکرد کە ئیسلامئاباد بە هۆکاری زیادبوونی هێرشە چەکدارییەکان لەنێوخۆی وڵاتدا دایاندەنێت، بەڵام تاڵیبان ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
 
پێکدادانەکانی ئەم مانگە دوای ئەوە هەڵگیرسان کە ژمارەیەک تەقینەوە لە کابوول روویاندا، لە کاتێکدا وەزیری دەرەوەی تاڵیبان لە هیندستان بوو. دوای ئەوە، تاڵیبان هێرشێکی لەسەر سنوور دەستپێکرد کە وەڵامی تووندی ئیسلامئابادی لێکەوتەوە.
 
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان رایگەیاندووە، لەلایەنی ئەفغانستانەوە 37 کەس کوژراون و 425ی دیکەش برینداربوون، لە کاتێکدا پاکستانیش دەڵێت 23 سەربازیان کوژراون.
 
سعودیە و قەتەر زوو نێوەندگیرییان بۆ راگرتنی جەنگەکە دەستپێکرد و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاندووە، دەتوانێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە یارمەتیدەر بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە