هۆشدارییەک لە UNـەوە: نزیکەی 900 ملیۆن هەژار رووبەڕووی شۆکەکانی کەشوهەوا بوونەتەوە

17-10-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکی نوێدا هۆشدارییەکی تووندی دا و رایگەیاند، نزیکەی 80%ی هەژارترین دانیشتووانی جیهان، کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 900 ملیۆن کەس، راستەوخۆ لەژێر مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوادان.
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە، ئەم گرووپە "بارگرانییەکی دووقات و زۆر نایەکسان"یان لەسەرشانە، چونکە لە لایەک بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن و لە لایەکی دیکەشەوە زیانمەندی سەرەکیی ئەو کارەساتانەن کە بەهۆی گەرمبوونی زەوییەوە روودەدەن.
 
بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵانە، کە لەلایەن پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP)، بە هاوبەشی لەگەڵ دەستپێشخەریی ئۆکسفۆرد بۆ هەژاری و گەشەپێدانی مرۆیی (OPHI)، بڵاوکراوەتەوە، 1.1 ملیار کەس، واتە نزیکەی 18%ی دانیشتووانی 109 وڵاتی جیهان، لە هەژاریی "فرەڕەهەندیی تووند"دا دەژین.
 
ئەم جۆرە هەژارییە تەنیا بە داهاتی رۆژانە ناپێورێت، بەڵکو چەندین هۆکاری دیکە لەبەرچاو دەگرێت، وەکو رێژەی مردنی منداڵانی ساوا، دەستڕاگەیشتن بە خانووی شیاو، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، کارەبا و پەروەردە.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، نیوەی ئەو کەسانەی لەم دۆخەدان، منداڵ و نەوجەوانن.
 
هاولیانگ شو، کارگێڕی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە وەکالەت رایگەیاند، "هیچ کەس لە کاریگەرییە هەمیشە زیاتر و بەهێزترەکانی گۆڕانی کەشوهەوا وەکو وشکەساڵی، لافاو، شەپۆلەکانی گەرما و پیسبوونی هەوا پارێزراو نییە، بەڵام هەژارترینەکان لەنێوماندا رووبەڕووی سەختترین کاریگەری دەبنەوە." 
 
توێژینەوەکە دەریدەخات کە دوو ناوچە بە شێوەیەکی تایبەت کاریگەریی قووڵی هەژاری و گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە: ناوچەکانی باشووری بیابانی گەورەی ئەفریقا و باشووری ئاسیا. ئەم ناوچانە لە هەمان کاتدا لەبەردەم مەترسییە ژینگەییەکانی وەکو گەرمای زۆر، وشکەساڵی، لافاو و پیسبوونی هەوادان.
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، 608 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەدەست گەرماوە دەناڵێنن، 577 ملیۆن کەس کاریگەری پیسبوونی هەوایان لەسەرە، 465 ملیۆن کەس لافاو زیانی پێگەیاندوون و 207 ملیۆن کەسی رووبەڕووی وشکەساڵی بوونەتەوە. 
 
راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە لەگەڵ خێراتر بوونی گەرمبوونی زەوی، پێدەچێت دۆخەکە خراپتر بێت و هەژارترین وڵاتان زۆرترین زیانیان بەربکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.