وەزیری کولتووری هامبۆرگ هۆشداری لە "مردنی راستییەکان" لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا دەدات

17-10-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارستن برۆسدا، وەزیری کولتوور و میدیای هامبۆرگ هۆشداری دەدات کە پووکانەوەی راستییەکان لە باس و خواسی گشتی و میدیادا هەڕەشە لە کۆمەڵگە دیموکراسییەکان دەکات و داوای پەیوەندیی بەهێزتر لەنێوان رۆژنامەڤانان و بەرپرساندا دەکات.
 
برۆسدا لە گوتارێکدا لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی دامەزراوە میدیاییەکانی ئەندام لە تۆڕی ئاڵۆگۆڕی هەواڵی ئەورووپی  (ENEX) لە هامبۆرگ، کە ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداویش ئامادەی بوو، رایگەیاند، زانیاریی نادروست و چەواشەکارانە و زیادبوونی ئەو بابەتانەی بە ژیریی دەستکرد دروست دەکرێن، ژینگەیەکیان دروستکردووە کە تێیدا رۆژ دوای رۆژ راستییەکان زیاتر ون دەبن.
 
برۆسدا گوتی، "مردنی راستی، سەرکەوتنی کۆتایی شەڕەنگێزییەکانە. ئەگەر رۆژنامەڤانی داهاتووی نەبێت، دیموکراسیش داهاتووی نابێت."
 
ENEX هاوپەیمانییەکی جیهانیی دەزگا میدیایی و هەواڵییەکانە و تۆڕی میدیایی رووداو وەک تاکە دامەزراوەی عێراق و کوردستان تێیدا ئەندامە.
 
کۆبوونەوەکە رۆژاانی 16 و 17ی ئەم مانگە لە هامبۆرگ بەڕێوەچوو بۆ گفتوگۆکردنی ئەو ئاڵنگارییانەی لە سەردەمی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا رووبەڕووی بواری راگەیاندن و رۆژانەمەڤانی دەبنەوە.
 
کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی دامەزراوە میدیاییەکانی ئەندام لە تۆڕی ئاڵۆگۆڕی هەواڵی ئەورووپی (ENEX) لە هامبۆرگ. وێنە: رووداو
 
گوتارەکەی برۆسدا جەختی لەسەر پاشەکشەی راستییەکان کردەوە؛ هەروەها هۆشداری لە کاریگەریی دەسەڵاتدارە خۆسەپێنەکان و دەستەمۆکردنی میدیا دا. 
 
بەرپرسە ئەڵمانییەکە گوتارەکەی بە هێنانەوەی گوتەیەکی مۆن مۆسما، کارەکتەری زنجیرەی جەنگی ئەستێرەکان (Star Wars) دەستپێکرد، بۆ ئەوەی روونیبکاتەوە کە خەڵك تاوەکو چ رادەیەک لە راستییەکان  دوودڵە.
 
ئەو بەرپرسە گوتی، "مەودای نێوان ئەوەی دەگوترێ و ئەوەی کە لە بە راست دەزانرێ، وەک چاڵێکی لێهاتووە."
 
وەزیرەکە رایگەیاند، زانیاریی چەواشەکارانەی بەمەبەست و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییە رێکنەخراوەکان، رای گشتی و گفتوگۆی شەقام بەلاڕێدا دەبەن.
 
برۆسدا ئاماژەی بە راپۆرتی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی ساڵی 2025 کرد کە زانیاریی چەواشەکارانەی وەک یەکێک لە پێنج مەترسییە سەرەکییەکەی جیهان پۆلێن کردبوو.
 
هەروەها تیشکی خستە سەر رۆڵی مێژوویی هامبۆرگ وەک شارێکی میدیایی و ئێستاش وەک مەڵبەندی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیا، لەنێویاندا نووسینگەکانی گووگڵ و مێتا لە ئەڵمانیا.
 
رێکخستن و بەرپرسیارێتی
 
لەوەڵامی پرسیاری ئامادەبووان، برۆسدا دانی بەوەدانا کە ئەڵمانیا، وەک وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، لە رێکخستنی سەکۆ دیجیتاڵییەکاندا رووبەڕووی زەحمەتی دەبێتەوە.
 
ئاماژەی بە پەیماننامەی میدیایی نێوان هەرێمەکانی ئەڵمانیا کرد وەک نموونەیەک بۆ دانانی یاسا بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتی دیجیتاڵی، بەڵام گوتی هێشتا لەسەر ئاستی ئەورووپا پێویستی بە هاوئاهەنگیی زیاترە.
 
برۆسدا گوتیشی، "پێویستمان بە یاسای بنەڕەتییە؛ پێویستمان بە بینەرێکی شارەزاش هەیە."
 
بەرپرسەکە جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ئاستی هۆشیاری و شارەزایی خەڵک لەبەرامبەر میدیادا بەرز بێت.
 
سەبارەت بە زیادبوونی کاریگەریی ژیریی دەستکرد لە رۆژنامەڤانی، برۆسدا گوتی، دەبێت پارێزگاری لە مافی لەبەرگرتنەوە (کۆپیڕایت) بکرێ و شەفافیەت زیاتر بکرێت.
 
کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی دامەزراوە میدیاییەکانی ئەندام لە تۆڕی ئاڵۆگۆڕی هەواڵی ئەورووپی (ENEX) لە هامبۆرگ. وێنە: رووداو
 
ئەو بەرپرسە دەڵێت: "شەمەندەفەری راهێنانی مۆدێلە گەورە زمانییەکان بەڕێکەوتووە" کە مەبەست لێی بەرنامەکانی ژیریی دەستکردی وەک چات جی پی تی، کلاود، جێمنای و گرەکە، "بەڵام دەبێ چارەسەری ئەوە بکەین کە چۆن نێوەڕۆکی بەرهەمهاتوو بە ژیریی دەستکرد پشت بە راستییەکان دەبەستێت."
 
بەرپرسە ئەڵمانییەکە بە گرنگی دەزانێت کە بەرپرسیارێتیی سەرنووسەری و پێداچوونەوەی بابەتە میدیاییەکان، لای مرۆڤ بمێنێتەوە، نەوەک ژیریی دەستکرد؛ هۆشداریشیدا کە بێ هەبوونی یاسا و رێکاری روون بۆ مۆڵەتدان بە بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی بەرهەمی ژیریی دەستکرد و نیشانکردنیان بەوەی بە ژیریی دەستکرد دروست کراون، تەکنەلۆجیاکە دەبێتە مەترسی و تێگەیشتنی خەڵک لە راستییەکان زیاتر دەشێوێنێت. 
 
هیوا لە رێگەی گێڕانەوەوە
 
برۆسدا گوتی، پێویستە رۆژنامەڤانی رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی راستییەکان بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش بۆ خەڵک باس بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت رکابەریی زانیارییە ناڕاستەکان بکات کە بە شێوەی سەرنجڕاکێش بڵاودەکرێنەوە و دەنگدانەوەی زۆریان هەیە.
 
بە بیرهێنانەوەی سەردەمی خۆی وەک رۆژنامەڤانێکی راهێنراو، ئەو بیرۆکەیەی رەتکردەوە کە راستییەکان رێگری لە گێڕانەوەی باش دەکەن.
 
ئەو بەرپرسە گوتی، "راستییەکان رێگری لە رەوتی گێڕانەوە ناکەن، بەڵکو راستییەکان بەها بە گێڕانەوە دەبەخشن."
 
وەزیرەکە ستایشی دەستپێشخەرییەکانی شاری هامبۆرگی کرد، وەک Use the News (هەواڵەکان بەکاربهێنە) کە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی هەواڵە لەنێو بینەرانی گەنجدا و داوای وەبەرهێنانی لە ژێرخانی دیجیتاڵیی سەربەخۆدا کرد بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سەکۆ جیهانییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا