رووداو دیجیتاڵ
پاکستان و ئەفغانستان لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەستی 48 کاژێریی نێوانیان تاوەکو کۆتاییهاتنی دانوستاندنەکانی دەوحە رێککەوتن، ئەوەش لە کاتێکدایە هێرشێکی خۆکوژی لەنزیک سنوور بووە هۆی کوژرانی 7 سەربازی پاکستانی.
بە گوتەی سێ بەرپرسی ئەمنیی پاکستان و سەرچاوەیەکی ئەفغانستان، شاندێکی پاکستان گەیشتووەتە دەوحە و بڕیارە شاندی ئەفغانستانیش رۆژی شەممە بگاتە پایتەختی قەتەر.
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان رایگەیاند، فەرمانیان بە هێزەکانیان کردووە پابەندی ئاگربەست بن تاوەکو ئەو کاتەی پاکستان هیچ هێرشێک ناکات.
ئاگربەستە کاتییەکە، کە رۆژی چوارشەممە دەستیپێکرد و بۆ 48 کاژێر بوو، دوای چەند رۆژێک لە شەڕی قورسی سنوور هات، کە تێیدا دەیان کەس کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون.
هێرشێکی نوێ گرژییەکان زیاد دەکات
بەرپرسانی ئەمنیی پاکستان دەڵێن، رۆژی هەینی لە هێرشێکی خۆکوژیدا لە نزیک سنووری ئەفغانستان، 7 سەربازی پاکستان کوژران و 13ی دیکەش بریندار بوون.
هێرشەکە کراوەتە سەر کەمپێکی سەربازی لە ناوچەی وەزیرستانی باکوور.
گرووپێکی سەر بە تەحریکی تاڵیبانی پاکستان بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان بکات، بە مەرجێک نیگەرانییە ئەمنییە رەواکانی چارەسەربکرێن.
شەهباز شەریف گوتی: "ئەوان [دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان] داوای ئاگربەستیان کرد. ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێ کێشەکان بە ئاشتییانە چارەسەر بکەن، ئێمە ئامادەین. تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە."
سەرۆکوەزیرانی پاکستان بەرپرسانی ئەفغانستان بە داڵدەدانی ئەندامانی تەحریکی تاڵیبانی پاکستان و سوپای رزگاریی بەلوچستان تۆمەتباردەکات، کە ئیسلامئاباد بە هۆکاری زیادبوونی هێرشە چەکدارییەکان لەنێوخۆی وڵات دایاندەنێت. تاڵیبان ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
لە سنوور دۆخەکە ناسکە
پێکدادانەکانی ئەم مانگە دوای ئەوە هەڵگیرسان کە ژمارەیەک تەقینەوە لە کابوول روویاندا، لە کاتێکدا وەزیری دەرەوەی تاڵیبان لە هیندستان بوو. دوای ئەوە، تاڵیبان هێرشێکی لەسەر سنوور دەستپێکرد کە وەڵامی تووندی ئیسلامئابادی لێکەوتەوە.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان رایگەیاندووە، لەلایەنی ئەفغانستانەوە 37 کەس کوژراون و 425ی دیکەش برینداربوون.
پاکستانیش دەڵێ، هەر لە ئەنجامی شەڕەکە 23 سەربازیان کوژراون.
سعودیە و قەتەر زوو نێوەندگیرییان بۆ راگرتنی جەنگەکە دەستپێکرد. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێ، دەتوانێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە یارمەتیدەر بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ