رووداو دیجیتاڵ
سنوپ دۆگ، راپەری بەنێوبانگی ئەمریکی دەڵێت، بڕیاریداوە واز لە "دووکەڵ" بهێنێت و داوا دەکات، لەم کاتەدا رێز لە سنووری تاکەکەسی بگیرێت.
سنوپ دۆگ کە بە جگەرە، حەشیش و ماریوانەکێشێکی ئاڵوودە ناسرابوو، رۆژی پێنجشەممە، 16-11-2023، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام و ئێکس (تویتەری پێشوو) هەواڵی وازهێنانی لە دووکەڵ بڵاوکردەوە.
ئەو گۆرانیبێژە نووسیویەتی، "دوای ماوەیەکی زۆر لە تێڕامان و گفتوگۆ لەگەڵ خانەوادەکەم، بڕیارمدا واز لە دووکەڵ بهێنم، تکایە لەم کاتەدا رێز لە سنووری تاکەکەسیم بگرن".
سنوپ دۆگ کە ناوە راستەقینەکەی بریتییە لە کاڵڤین براودس، گۆرانیبێژ و ئەکتەرێکی ئەمریکییە، لە ساڵی 1992 تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی بەنێوبانگ و جێی مشتومڕ بووە.
ئەو لە پۆستەکەیدا دەڵێت، واز لە "smoke" دەهێنێت، کە بە مانای "دووکەڵ" دێت، هەربۆیە دیار نییە بە دیاریکراوی مەبەستی لە کام جۆری دووکەڵکردنە. دەکرێت مەبەستی تەنیا جگەرە بێت یان ئەوانەی دەچنە خانەی مادەی هۆشبەر، یانیش هەموویان پێکەوە.
تەنانەت نازاندرێت ئایا ئەو راپەرە بەڕاستی مەبەستی تەرککردنە یان نا، هەروەکو ژمارەیەکی زۆر لە فانەکانیشی کۆمێنتیان بۆ نووسیوە و پێیان وایە، ئەو پۆستە ریکلامکردن بێت بۆ کۆمپانیاکەی (Leafs By Snoop)، کە لە بواری بەرهەمهێنان و فرۆشتنی حەشیش و ماریوانەدا کار دەکات.
یەکێک لە فانەکانی لە کۆمێنتی پۆستەکەیدا نووسیویەتی، "ئەمڕۆ 1ـی نیسان و رۆژی درۆکردن نییە، سنوپ". یەکێکی دیکەش نووسیویەتی، "سنوپ بەبێ دووکەڵ وەکو زەوی بەبێ ئاو وایە".
سنوپی 52 ساڵ، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ گۆڤاری GQ کە بۆ ساڵی 2013 دەگەڕێتەوە، دەڵێت، رۆژانە 80 پێچراوەی حەشیش دەکێشێت.
ئەگەرچی هێشتا ئەو گۆرانیبێژە روونکردنەوەی زیاتری لەبارەی پۆستەکەیەوە نەداوە، بەڵام بەشێکیش لەو کەسانەی کۆمێنتیان بۆ نووسیوە، پێیانوایە هەواڵەکە راستە و هۆکاری بڕیارەکەش بارودۆخی تەندروستییە.
بەگوێرەی توێژینەکانی تەندروستی، کێشانی حەشیش، ماریوانە و جگەرە، جگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی دیکەیان، هەلی تووشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجەی سییەکان و لەبیرچوونەوە زیاتر دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ