راپۆرتێک: تاوەکو نەتەنیاهوو سەرۆکوەزیران بێت، سعودیە پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل دروست ناکات

17-11-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی فەلەستینی رایانگەیاندووە، سەرکردەکانی سعودیه بەڵێنیان پێداون، تاوەکو ئەو کاتەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران بێت، پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل دروست ناکەن.
 
دوو سەرچاوەی فەلەستینی بە رۆژنامەی هارتزی ئیسرائیلییان راگەیاندووە، بەرپرسانی باڵای سعودیە بە نهێنی بە سەرکردایەتیی فەلەستینیان گوتووە، تائەو کاتەی بنیامین نەتەنیاهوو لە دەسەڵاتدا بێت، پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل دروست ناکەن. 
 
هەروەها ئەو بەرپرسە فەلەستینییانە، ئاماژەیان بەوە داوە، لەمیانی سەردانەکەی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بۆ ئەمریکا لە چەند رۆژی داهاتوو، لەوێ شاندی باڵای ریاز جەخت لەوە دەکاتەوە، تەنیا واژۆکردنی گرێبەستی بەرگری و کڕینی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 بەس نییە، بۆ قایلکردنی سعودیە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل لەبری ئەوە، سعودیە داوای رێگەیەکی روون و باوەڕپێکراو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین، دەکات.
 
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە فەلەستینیانە، ئەم پەیامە نوێیەی سعودیە، ستراتیژییەکی نوێی ئەو وڵاتە دەخاتەڕوو، بەوەی هەر پێشکەوتنێک لە رێکەوتنامەی ئەبراهام هەبێت، راستەوخۆ پەیوەست دەبێت بە داهاتووی فەلەستینییەکان لە ناوچەکە، نەک تەنیا رێککەوتنی سەربازیی و ئەمنی.
 
فەلەستینییەکان ئاماژەیان بەوە داوە، سەرکردایەتیی سعودیە بەڵێنیان پێداون، گرێبەستی گەورەی چەککڕین و بەدەستهێنانی فڕۆکەی پێشکەتوو و گرانبەهای وەکو ئێف 35 بەس نابێت بۆ سعودیە و ریاز دەوێت، "رێگەیەکی روون بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین هەبێت و ئەو هەنگاوانەش بەشێک بن لە هەر چوارچێوەیەک بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل." 
 
هەروەها ئەو بەرپرسانەی فەلەستین رایانگەیاندووە، ئەم هەڵوێستەی سعودیە، یارمەتیدەری ریاز دەبێت بۆ بەدەستهێنانی متمانە لە نێو جیهانی عەرەبیدا و پێگە بەهێزەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەپارێزێت، بەوەی پشتیوانیکارێکی بەهێز و دیپلۆماسییە بۆ سەروەری فەلەستین.
 
ئەم ستراتیژییە نوێیەی سعودییەکان لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵەکان و گوشارەکانی بۆ سەر سعودیە چڕتر کردووەتەوە، تاوەکو بگەنە رێککەوتنێکی مێژوویی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمەش بەمەبەستی فراوانکردنی رێککەوتنی ئەبراهام.
 
چاوەڕوان دەکرێت ئەم بابەتە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی کۆشکی سپی نێوان، ترەمپ و محەممەد بن سەلمان بێت. 
 
لەرابردوودا، چەند جارێک سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا بڕوای خۆی دەربڕیوە بەوەی ریاز بەمزووانە دەچێتە نێو رێککەوتنی ئەبراهامەوە، بەڵام بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بە میدیای ئەمریکایان راگەیاندووە، پێناچێت سعودیە بەمزووانە رێکەوتنێکی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ بکات، هەرچەندە، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ گەشبینن، بەوەی رەنگە تا کۆتایی گەڕی دووەمی سەرۆکایەتی ترەمپ، سعودیە و ئیسرائیل بگەنە رێککەوتن.
 
هەروەها میدیای ئەمریکی بڵاویانکردووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ترەمپ، شازادەی جێنشینی سعودیە داوای گەرەنتیی بەرگری و رەزامەندی واشنتن بکات بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35ی ئەمریکی، بەڵام ئیدارەی ترەمپ هێشتا گڵۆپی سەوزی بۆ ئەو فرۆشنتە هەڵنەکردووە، بەهۆی ناڕەزایەتیی ئیسرائیل لە دەستگەیشتنی سعودیە بەو فڕۆکە پێشکەتوو و گرنگەی ئەمریکا. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 باڵەخانەیەک لە کیێڤی ئۆکراینا بۆردوومان کراوە. وێنە: AFP

ترەمپ دەڵێت رێککەوتنی ئاشتیی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا "هەرگیز هێندەی ئێستا نزیک نەبووە"، ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن رایگەیاند، گەرەنتیی ئەمنیی "هاوشێوەی ناتۆ"ی پێشكێش بە کیێڤ کردووە و بڕوای وایە مۆسکۆ قبووڵی دەکات.