ترەمپ هەڵوێستی دەگۆڕێ و پشتگیری لە بڵاوکردنەوەی دۆسیەکانی ئێپستین دەکات

17-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پشتگیریی هەوڵی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی دۆسیەکانی دیکەی پەیوەست بە جێفری ئێپستین، کە ئەمە پێچەوانەی هەڵوێستی پێشوویەتی.
 
ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند: "پێویستە کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگ بە بڵاوکردنەوەی دۆسیەکانی ئێپستین بدەن، چونکە هیچ شتێکمان نییە بیشارینەوە."
 
سەرۆکە کۆمارییە تەمەن 79 ساڵانەکە، دیموکراتەکانی تۆمەتبار دەکرد بەوەی "درۆکانی ئێپستین" بڵاودەکەنەوە، ئەمەش دوای دەرکەوتنی چەند ئیمەیڵێک کە تێیدا ئێپستین ناوی ترەمپی هێنابوو. 
 
ئێپستین تاوانبار بوو بە بازرگانیکردن بە کچانی خوار تەمەنی یاساییەوە بۆ مەبەستی سێکس؛ لە ساڵی 2019 بە مردوویی لە زینداندا دۆزرایەوە. 
 
ملیاردێرە بەدناوەکە، لە ئیمەیڵەکانیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، ترەمپ "ئاگاداری کچەکان بووە."
 
هەندێک لە رەخنەگران ترەمپ تۆمەتبار دەکەن بە هەوڵدان بۆ شاردنەوەی زانیاری لەبارەی ئەو سەرپێچییانەی خۆی پێیان تۆمەتبار دەکرێ، ئەوەش لەڕێگەی رێگریکردن لە دەنگدانەکە، هەرچەندە سەرۆک ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
 
پرسەکە بووەتەهۆی ناکۆکی لەنێو پارتی کۆماری و درزی خستووەتە نێوان ترەمپ و هەندێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی لەنێو بزووتنەوەی "مەزنکردنەوەی ئەمریکا  (MAGA)."
 
رۆژی یەکشەممە، ترەمپ دژایەتیی خۆی بۆ تەیلەر گرین، ئەندامی کۆنگرێس و کەسایەتیی دیاری بزووتنەوەی ماگا دەربڕی و داوای لە لایەنگرانی کرد، بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2026 دەنگ بە خانمەکە نەدەن. 
 
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، رایگەیاندووە کە ئەم هەفتەیە دەنگ بە پڕۆژە یاسایەک دەدەن بۆ ناچارکردنی وەزارەتی داد تاوەکو دۆسیەکانی دیکەی پەیوەست بە لێکۆڵینەوەکانی ئێپستین بڵاوبکاتەوە.
 
ترەمپ لە پۆستەکەیدا، بە ئاماژەدان بەو ئەندامانەی ئەنجوومەنەکە کە پشتگیریی داواکەی دیموکراتەکانیان کردبوو بۆ بڵاوکردنەوەی دۆسیەکان، نووسیویەتی: "هەندێک لە 'ئەندامانی' پارتی کۆماری 'بەکاردەهێندرێن' و ناتوانین رێگە بەوە بدەین."
 
لێکۆڵینەوەی وەزارەتی داد
 
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو درێژترین ماوەی داخرانی حکومەتی ئەمریکا کۆتاییهات، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارەیەکی زۆر ئیمەیڵیان بڵاوکردەوە کە لە ماڵ و موڵکی ئێپستین دەستیان کەوتبوو.
 
لە یەکێک لە ئیمەیڵەکاندا، ئێپستین نووسیویەتی کە ترەمپ "چەندین کاژێری" لەگەڵ یەکێک لە قوربانییەکان لە ماڵەکەیدا بەسەربردووە و لە دانەیەکی دیکەشدا بە "پیس" ناوی هێناوە.
 
دیموکراتەکانی نێو لیژنەی چاودێریی ئەنجوومەنی نوێنەران رایانگەیاند، نامەکان "پرسیاری جیدی لەبارەی دۆناڵد ترەمپ و ئاگاداریی ئەو لە تاوانە قێزەونەکانی ئێپستین دروست دەکەن."
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئیمەیڵەکان، ترەمپ داوای لە پام بۆندی، داواکاری گشتی و ئێف بی ئای کرد لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوان ئێپستین و بیڵ کلینتن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، لەگەڵ لاری سەمەرز، سەرۆکی پێشووی زانکۆی هارڤارد کە وەزیری گەنجینەی کلینتن بوو، بکەن.
 
فەرمانی لێکۆڵینەوەکە لە کاتێکدایە کە ئێف بی ئای و وەزارەتی داد لە مانگی تەممووزدا لە یاداشتێکدا رایانگەیاندبوو، هیچ بەڵگەیەکیان دەستنەکەوتووە کە پاساو بۆ لێکۆڵینەوە لە کەسانی سێیەم بدات کە تۆمەتبار نەکراون.
 
ئێپستین، بە یارمەتیی گیسلەین ماکسوێڵ کە وەک رێکخەر کاری دەکرد، کچانی خوار تەمەنی یاسایی دەبردە شوێنی نیشتەجێبوونی لە نیویۆرک و فلۆریدا و لەوێ لەژێر ناوی پێشکێشکردنی مەساجی وروژێنەردا دەستدرێژیی سێکسییان دەکردە سەر.
 
پێش ئەوەی ئێپستین لە ساڵی 2019 لە زیندان بمرێت کاتێک چاوەڕێی دادگاییکردن بوو لەسەر دۆسیەی بازرگانیکردن بە منداڵان، لە فلۆریدا وەک تاوانبارێکی سێکس بڕیاری لەسەر درابوو، ئەوەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2008 دانی بە تاوانی هاندانی لەشفرۆشی، لەنێویاندا لەگەڵ کچێکی خوار تەمەنی یاسایی، نابوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا