تەلەڤیزیۆنی فەرمیی رووسیا: سوپاکەمان لە 6 وڵاتی ئەفریقا کار دەکات

17-11-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تەلەڤیزیۆنی فەرمیی رووسیا لە دانپێدانانێکی ئاست بەرزی دەگمەندا رایگەیاند، سوپای ئەو وڵاتە لە 6 وڵاتی ئەفریقا کار دەکات، بەمەش دان بە هەبوونی سەربازی رووسی لەو کیشوەرەدا دەنێت.
 
مۆسکۆ، کە بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە رووبەڕووی گۆشەگیری بووەتەوە، هەوڵیداوە هاوبەشیی نوێ لە ئەفریقا دروست بکات، کە لە ساڵانی رابردوودا پێگەی سیاسی، ئابووری و سەربازیی خۆی لەوێ بەهێز کردووە.
 
پەیامنێرێکی تەلەڤیزیۆنی فەرمی لە راپۆرتێکدا کە رۆژی یەکشەممە پەخش کرا، گوتی، "ئەفسەران و سەربازانی یەکەیەکی هێزە چەکدارەکانی رووسیا، لە 6 وڵاتی ئەفریقادا چالاکن."
 
جگە لە مالی، راپۆرتەکە ناوی وڵاتەکانی دیکەی ئاشکرا نەکردووە.
 
بەڵام بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، هێز یان راهێنەرە سەربازییەکانی رووسیا لە بورکینا فاسۆ، نەیجەر، گینیای کەمەرەیی، کۆماری ئەفریقای نێوەڕاست و لیبیاش جێگیرکراون.
 
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان لە ناوچەی ساحل لە مانگی حوزەیراندا بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندبوو، "یەکەی ئەفریقا"ی سەر بە وەزارەتی بەرگریی رووسیا، لە سەرانسەری کیشوەرەکەدا جێگەی گرووپی نیمچەسەربازیی ڤاگنەری گرتووەتەوە.
 
گرووپی ڤاگنەر هەڵوەشایەوە و دووبارە رێکخرایەوە، دوای ئەوەی سەرۆکەکەی یەڤگینی پریگۆژین، لە ئابی 2023 لە رووداوێکی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەدا گیانی لەدەستدا، ئەمەش دوای یاخیبوونێکی کورتخایەن دژی مۆسکۆ.
 
چەکدارانی ڤاگنەر لە ئۆکراینا شەڕیان دەکرد و لە سەرانسەری ئەفریقاشدا جێگیرکرابوون.
 
راپۆرتەکەی تەلەڤیزیۆنی فەرمی، "یەکەی ئەفریقا"ی وەک بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی رووسیا ناساند.
 
بەپێی راپۆرتەکە، زۆربەی ئەو سەربازانەی جێگیرکراون، "بەشداربووانی دێرینی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەتن،" کە زاراوەی رووسیایە بۆ شەڕی ئۆکراینا.
 
لە یەکێک لە گرتەکاندا، ئاڵایەک بینرا کە نیشانەکەی لە لۆگۆی کەللـەسەری ناسراوی گرووپی ڤاگنەر دەچوو. پەیامنێرەکە گوتی، ئەوە بنکەیەکی رووسیایە لە مالی.
 
ڤیدیۆکە هەروەها دوو بۆمبهاوێژی رووسیی پیشاندا کە هێرش دەکەن و چەندین کەرەستەی قورسی سەربازیی رووسیای خستەڕوو، لەنێویاندا هێلیکۆپتەر و زرێپۆش.
 
مۆسکۆ دەڵێت، هێزەکانی یارمەتیی چەندین حکومەتی ئەفریقا دەدەن بۆ بەرپەرچدانەوەی گرووپە پەڕگیرەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا