جیهان
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەکاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا. وێنە: CHRISTOPHE ENA / AFP
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دووشەممە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و هاوتا ئۆکراینییەکەی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ ئەوەی کیێڤ نزیکەی 100 فڕۆکەی جەنگیی جۆری رافاڵ و کەرەستەی سەربازیی دیکە لە پاریس بکڕێت.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی هەردوو سەرۆک واژۆیان کردووە، رێگە بۆ گرێبەستی داهاتوو خۆش دەکات بۆ کڕینی 100 فڕۆکەی جەنگیی جۆری رافاڵ "لەگەڵ چەکە هاوپێچەکانیاندا."
هەروەها رێککەوتنەکە پێدانی نەوەی نوێی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی SAMP-T کە لەژێر پەرەپێداندایە، لەگەڵ سیستمی رادار و درۆن لەخۆدەگرێت.
سەرۆکایەتیی فەرەنسا روونیکردەوە، رێککەوتنەکە کە لە بنکەی ئاسمانیی ڤیلاکوبلەی واژۆکرا، گرێبەستی کڕین و فرۆشتن نییە و پێشبینی دەکرێت "لە ماوەی نزیکەی 10 ساڵدا" جێبەجێ بکرێت.
زیلینسکی، کە هەفتەی رابردوو بەهۆی ئابڕووچوونێکی گەندەڵی لە وڵاتەکەیدا و نزیکبوونەوەی هێزەکانی رووسیا لە شاری پۆکرۆڤسک تووشی نسکۆیەکەی سیاسی بوو، پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ماکرۆن، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس رێککەوتنەکەی بە "مێژوویی" ناوبرد.
ماکرۆنیش بە کورتی لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس بە زمانەکانی فەرەنسی و ئۆکراینی، لەگەڵ وێنەی واژۆکردنی رێککەوتنەکە نووسیبووی: "رۆژێکی مەزن."
بەرپرسێکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی: "ئامانج ئەوەیە کیێڤ بتوانێت ئەو سیستمانە بەدەستبهێنێت کە بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکانی رووسیا پێویستین."
سەرۆکی ئۆکراینا مانگی رابردووش یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی بۆ کڕینی 100 بۆ 150 فڕۆکەی جەنگیی جۆری گریپنی سوێدی واژۆکردبوو.
فەرەنسا پێشتر فڕۆکەی جەنگیی جۆری میراژی رادەستی کیێڤ کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا باسی کڕینی فڕۆکەی رافاڵ، کە گەوهەری پیشەسازیی فڕۆکەوانیی جەنگیی فەرەنسایە، نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ