شانشینێکی باشووری ئەفریقا لە بەرامبەر وەرگرتنی دیپۆرتکراوەکانی ئەمریکا پارە وەردەگرێت

17-11-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیسواتینی، شانشینی بچووکی باشووری ئەفریقا، رۆژی دووشەممە بۆ یەکەمجار بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە، بڕی 5.1 ملیۆن دۆلاری لە ئەمریکا وەرگرتووە، ئەمەش لە بەرامبەر وەرگرتنی دەیان کەس، کە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراوان و مشتومڕاوی دیپۆرتکردنەوەی واشنتندا، لە ئەمریکا دەرکراون.
 
ئەو شانشینە تاوەکو ئێستا 15 پیاوی وەرگرتووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندین رێککەوتنی نهێنیی لەگەڵ لانیکەم پێنج وڵاتی ئەفریقیدا ئەنجامدا. ئامانجی رێککەوتنەکان وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانە بوو، کە لەژێر پرۆگرامێکی ناسراو بە "دیپۆرتکردنەوە بۆ وڵاتی سێیەم" دەرکرابوون، کە لەلایەن گرووپەکانی مافی مرۆڤەوە بە تووندی رەخنەی لێگیرا بەهۆی ناڕوونیی یاسایی و چارەنووسی دیپۆرتکراوەکان.
 
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە لە مانگی ئەیلوول لەلایەن رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ)ـەوە بڵاوکرایەوە، ئیسواتینی رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ وەرگرتنی نزیکەی 160 دیپۆرتکراو. لە بەرامبەردا بڕی 5.1 ملیۆن دۆلار وەکو یارمەتی بۆ "بنیاتنانی توانای بەڕێوەبردنی سنوور و کۆچی وڵاتەکە" پێشکەشی کراوە.
 
نیڵ رایکنبێرگ، وەزیری دارایی ئیسواتینی لە وەڵامی پرسیارێکی پەرلەمانتاراندا سەبارەت بەو رێککەوتنە نهێنییە، پشتڕاستی کردەوە، کە حکومەت ئەو بڕە پارەیەی وەرگرتووە. رایکنبێرگ، گوتی: "دوای ئەوەی بەدواداچوونمان کرد، پێمان راگەیێندرا پارەکە بۆ کاروباری دیپۆرتکراوەکانی ئەمریکایە،" و جەختیشی کردەوە کە وەزارەتەکەی لە وردەکارییەکانی پرۆسەکە و چۆنیەتی ئەنجامدانی رێککەوتنەکە ئاگادار نەکراوەتەوە.
 
یەکەم گرووپ لە پێنج پیاو پێکهاتبوون، لە مانگی تەممووزدا بە فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکی گەیشتنە ئیسواتینی و گرووپی دووەمیش لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا وەرگیران. واشنتن هەندێک لەو کەسانەی بە "دڕندەی دزێو" وەسف کردبوو و رایگەیاندبوو، بە تاوانی قورسی وەکو دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان و کوشتن سزا درابوون.
 
پارێزەرانی دیپۆرتکراوەکان دەڵێن، ئەو کەسانە بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکی فەرمییان ئاراستە بکرێت، لە زیندانی ماتسافای ئیسواتینی دەستبەسەرکراون، کە زیندانێکە بەوە ناسراوە زیندانییانی سیاسی و رەخنەگرانی حکومەتی تێدا بەند دەکرێت. 
 
پارێزەران و گرووپەکانی کۆمەڵگەی سڤیل لە ئیسواتینی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەنگاوە، پەنایان بۆ دادگە بردووە و تانەیان لە یاساییبوونی دەستبەسەرکردنەکان داوە.
 
رایکنبێرگ، بە پەرلەمانی راگەیاند ئەو پارەیەی لە ئەمریکاوە وەرگیراوە، خراوەتە سەر هەژماری بانکیی ئاژانسی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان (NDMA)، بەڵام روونیشی کردەوە: "ئاژانسی NDMA دەسەڵاتی ئەوەی نییە ئەو پارەیە خەرج بکات، کە بۆ کاروباری ئەوان تەرخان نەکراوە،" و بەڵێنی دا کە کار بۆ رێکخستنەوەی ئەو پرۆسەیە دەکەن.
 
تاوەکو ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە، کام لایەن و بەرپرسی حکومەتی ئیسواتینی رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کردووە. 
 
ئیسواتینی، پێشتر بە سوازیلاند ناسرابوو، دوا شانشینە لە کیشوەری ئەفریقا. لە ساڵی 1986ـەوە لەلایەن شا مسواتیی سێیەمەوە بەڕێوەدەبرێت و حکومەتەکەی بەردەوام رووبەڕووی تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەبێتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کیرل باژانۆڤ، ئەو رۆژنامەڤانەی داوای هاوسەرگیریی لە خۆشەویستەکەی کرد.

رۆژنامەڤانێک لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی پووتین دا داوای هاوژینی لە خۆشەویستەکەی کرد

زۆربەی گەنجان کاتێک داوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لە خۆشەویستەکانیان دەکەن، شوێنە رۆمانسییەکانی وەک نزیک تاوەری ئیڤڵ، کەنار دەریا یان رێستۆرانتێکی هێمن هەڵدەبژێرن، بەڵام رۆژنامەڤانێکی رووسی شوێنێکی تەواو جیاوازی هەڵبژارد.