رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەلەمێکی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز ژێرئاوکەوت و کوردێک گیانی لەدەستدا، یەکێک لە تۆمەتبارەکانی ئەو رووداوە کە کوردی رۆژئاوای کوردستانە، لە فەرەنسا دادگایی کرا.
رۆژی یەکشەممە، 17-12-2023، مەهدی بنبۆزید، داواکاری گشتیی ناوچەی سان ئومێر لە فەرەنسا رایگەیاند، "کەسێک دادگایی کراوە کە تۆمەتی بە قاچاخبردنی ئەو بەلەمەی لەسەرە لە نۆکەندی ئینگلیز ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا."
لەبارەی ناسنامەی ئەو تۆمەتبارە، بنبۆزید گوتی، "ئەو کەسە خەڵکی کوردستانی سووریایە و لەدایکبووی 1993ـیە. ئەو بە تۆمەتەکانی کوشتنی بە ئەنقەست، بریندارکردن، مەترسیی خستنەسەر و قاچاخچێتی دادگایی کراوە."
گومانلێکراوێکی دیکەی رووداوی ئەو بەلەمە هێشتا دەستگیرنەکراوە و هێزە ئەمنییەکانی فەرەنساوە بەدوایدا دەگەڕێن، ئەمە بە گوێرەی داواکارە گشتییەکە.
رۆژی هەینی، 15ی کانوونی یەکەمی 2023، دەستەی پاسەوانی کەناراوەکانی فەرەنسا بڵاویکردەوە، کاژێر 01:00ـی بەرەبەیان بە کاتی فەرەنسا (کاژێر 3:00ـی بەرەبەیان بەکاتی هەولێر) بەلەمێکی کۆچبەران کە لە کەناراوەکانی باکووری فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەڕێکەوتبوو، نوقم بوو و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا. دواتر دەرکەوت ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە کوردە و خەڵکی حاجیاوایە و ناوی راوێژ شێخ رەئووفە.
شەوی هەینی، شاسوار عەبدوڵڵا، زاوای راوێژ شێخ رەئووف، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "راوێژ نزیکەی دوو مانگە لە فەرەنسایە؛ پێشتر سێ جار هەوڵی دابوو خۆی بگەیێنێتە بەریتانیا، تاوەکو دوێنێ شەو بەڕێکەوتووە و بەهۆی کونبوونی بەلەمەکەیانەوە تووشی رووداو بوون و ئەویش گیانی لەدەستداوە".
تەرمی راوێژ لە دادپزیشکیی یەکێک لە شارەکانی فەرەنسایە؛ شاسوار عەبدوڵڵا گوتی، ئەو کەسانەی لەگەڵیدابوون دەڵێن ئەو شەوەی پێش ئەوەی بچنە نێو بەلەمەکەوە راوێژ نەخۆش کەوتووە و گورچیلەکانی ئازاریان هەبووە. گوتیشی، "ئێستا سەرقاڵی ئەوەین بزانین چۆن دەتوانین تەرمەکە لە فەرەنساوە بهێنینەوە هەرێمی کوردستان".
خەبات شێخ مەحموود، ئامۆزای قوربانییەکەیە، چیرۆکی خنکانی راوێژی بۆ رووداو گێڕایەوە و گوتی: "کاکە راوێژ لە لۆکەیشنی سناپەکەی لەناو ئاوەکەدا بوو، دوو ئامۆزاکانی ترم لە دەرەوەی ئاوەکەدا بوون. دواجار ئامۆزاکەی ترم تەلەفۆنی کرد گوتی کاکە راوێژ گیانی لەدەستداوە و بەڕێیانکردووە بۆ نەخۆشخانە."
راوێژ لەگەڵ دوو ئامۆزای دیکەی دوو مانگ بوو بەمەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا، کوردستانی بەجێهێشتبوو، جگە لەوان 62 کەسی دیکە لە بەلەمەکەدا بوون، دووئامۆزاکەی دیکە رزگارکراون و ئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی فەرەنسا لەژێر چاودێریی پزیشکدان.
راوێژ شێخ رەئووف لەدایکبووی ساڵی 2002ـە و تاوەکو پێش گەشتەکەی لە ناحیەی حاجیاوا لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین ژیاوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکو 2023 زیاتر لە 45 هەزار کەس لە سنووری ئیدارەی راپەڕین کۆچیان بەرەو وڵاتە جیاجیاکان کردووە. لەو رێگەیەدا 95 کەس بوونەتە قوربانی.
نۆکەندی ئینگلیز دەکەوێتە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا و رۆژانە نزیکەی 500 کەشتی بەکاری دەهێنن.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاشکرای کردووە تەنیا لە رۆژی هەینی، 15-12-2023، لانیکەم 292 کۆچبەر بە حەوت بەلەم خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، 55 کۆچبەر لەو ژمارەیە لەنێو یەک بەلەم بوونە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەریتانیا، ئەم ساڵ 29 هەزار کۆچبەر لەو رێڕەوە ئاوییەوە گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەکە لە ساڵی رابردوودا 45 هەزار و 755 کۆچبەر بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ