رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سوێد دەیەویست لە رۆژانی داهاتوودا رۆژنامەڤانێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دیپۆرت بکاتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێستا ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دۆخێکی ئاڵۆزیان هەیە؛ بەڵام لە بڕیارێکی نوێدا کە لە کاژێرەکانی رابردوودا دەرچووە، حکومەتی سوێد دەیەوێ بە شێوەیەکی کاتی دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازانی رەتکراوە بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رابگرێت.
فەرمانگەی کۆچبەریی سوێد لە بڕیارێکی نووسراودا بە لاوان محەممەد، رۆژنامەڤانە کوردەکەی گوتووە، "تۆ نەتتوانیوە بۆمانی بسەلمێنیت کە ئەگەر بگەڕێندرێیتەوە ئێران بەهۆی بۆچوونی سیاسییەوە دەگیرێیت و دادگایی دەکرێیت."
لاوان محەممەدی ساڵی 2019 چووەتە سوێد، دواتر لەوێ مافی مانەوەی کاتیی بۆ کار وەرگرتووە و سوێد دەیەوێت دیپۆرتی بکاتەوە، ئەمەش میدیا و یەکێتیی رۆژنامەڤانانی سوێدی نیگەران کردووە. کوردۆ باکسی، رۆژنامەڤانی ناسراوی کوردستانی و سوێدی یەکێکە لەو دەنگە بەرزانەی نێو میدیای سوێد کە لەم رۆژانەدا لەسەر ئەو هەوڵەی حکومەتی سوێد هاتە دەنگ. بە دیاسپۆرای رایگەیاند، هێشتا مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی رۆژنامەڤانانی کورد لە سوێد هەیە، چونکە بڕیاری راگرتنی دیپۆرتکردنەوەکان کاتییە و ماوەکەی دیار نییە.
بە گوتەی باکسی، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پەنابەران لە سوێد ئەوەیە کە بەهۆی گۆڕانکاری لە یاساکاندا، ناتوانن لەبری مافی پەنابەری، داوای مافی مانەوە لەسەر بنەمای کار بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتە سوێدییەکان، بەتایبەتی راستڕەوەکان، لە پێشبڕکێدان بۆ دەرکردنی زۆرترین ژمارەی پەنابەران و ئەمەش وایکردووە بۆ یەکەمجار ژمارەی ئەو کەسانەی سوێد جێدەهێڵن، زیاتر بێت لەوانەی دێنە نێوی. بەپێی گوتەکانی باکسی، 8 رۆژنامەڤانی کوردی چالاک مەترسیی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ ئێران لەسەرە، 5 کەسیان لە کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنیی کوردی کار دەکەن و دۆخیان سەختە. بۆیە، داوای لە کوردانی سوێد کرد دەنگ بەو پارتانە نەدەن کە رۆڵیان لە دەرکردنی بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی رۆژنامەڤاناندا هەیە.
ئەمە لە سوێد بوو، لێرە لە ئەڵمانیا ئەلێکساندەر دۆبرینت، وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، حکومەتەکەی ئامادە نییە بڕیارێکی هاوشێوە و گشتگیر بۆ راگرتنی دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازانی رەتکراوە بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەربکات.
بە گوتەی ئەو وەزیرە، بەرژەوەندیی ئەڵمانیا لەوەدایە، وەک ئەو ناویان دەهێنێت، "تاوانباران" دیپۆرت بکرێنەوە و نابێت راگرتنی دیپۆرت ببێتە دەرفەتێک بۆ دەربازبوونی تاوانباران لە سزا.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا تەنیا 5 کەس بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دیپۆرت کراونەتەوە. گوتەکانی وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، هەندێک لە ویلایەتەکانی ئەڵمانیا و پارتی سۆسیال دیموکرات (کە بەشدارە لە حکومەتدا)، داوای راگرتنی دەستبەجێی دیپۆرتکردنەوە بۆ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن. ئەویش بەهۆی مەترسییەکانی سەر ژیانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ