رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی چاودێری پاراستنی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا باس لە کەمبوونەوەی جۆرەکانی گیاندارە کۆچەرییەکان دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی گیاندارە کۆچەرییەکان بەرەو کەمبوونەوە چوون و بەشێکیشیان مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە.
کۆچی گیانداران چییە؟
کۆچکردن بەشێکە لە سروشتی زۆربەی ئاژەڵان و گیانداران، ئەو ئاژەڵ و گیانیاندارانەی کە کۆچ دەکەن دەکرێت باڵندە، پەلەوەر، شیردەر و خشۆکەکان یان گیاندارە دەریاییەکان بن.
ناوەندی چاودێری پاراستنی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، "هۆکاری ئەوەی کە ئاژەڵ و گیاندارەکان کۆچ دەکەن دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەی خۆراک، دۆزینەوەی بارودۆخێکی لەباری کەشوهەوا یان دۆزینەوەی شوێنێکی باشتر بۆ زاوزێ بێت".
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە شێوازی کۆچکردن لە گیاندارێک بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە، "بەشێک لە گیاندارەکان، وەکو کیسەڵی دەریایی، بەتەنیا کۆچ دەکەن و بەشێکی دیکەش بەکۆمەڵ کۆچ دەکەن".
بۆچی گیاندارە کۆچەرییەکان گرنگن؟
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "گیاندارە کۆچەرییەکان بەشێکی گرنگن لە سیستەمی ژینگەیی جیهان کە پاڵپشتی لە بەردەوامی ژیان دەکەن لە جیهاندا".
هەروەها راپۆرتەکە ئاماژە بەوەشدەکات، "کە هەبوونی گیاندارە کۆچەرییەکان گرنگە بۆ گواستنەوەی مادە خۆراکییەکان، هەروەها بەشێک لە مرۆڤەکانی جیهانیش وەکو سەرچاوەی خۆراک یان داهات سوود لەو گیاندارە کۆچەرییانە وەردەگرن."
کەمبوونەوەی گیاندارە کۆچەرییەکان
ژمارەی گیاندارە کۆچەرییەکان، بەگوێرەی راپۆرتەکە، بەردەوام بەرەو کەمبوونەوە دەچێت و راپۆرتەکە ئەوەشی دەرخستووە کە "لە 50 ساڵی رابردوودا 15,923 گیانداری کۆچەری کە سەر بە 170 جۆری جیاوازن لە گیاندارە شیردەرەکان، باڵندەکان، پەلەوەرەکان و گیاندارە دەرییاییەکان لەنێوچوون".
راپۆرتەکە ئاماژەی بە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی گیاندارە کۆچەرییەکان کردووە و دەشڵێت، بەشێکی زۆری کەمبوونەوەی گیاندارە کۆچەرییەکان پەیوەندی بە چالاکییەکانی مرۆڤ و گۆڕانی کەشوهەواوە هەیە.
راپۆرتەکە هەروەها دەشڵێت: "کاریگەری چالاکی مرۆڤەکان لەسەر سیستەمی ژینگەیی و گۆڕانی کەشوهەوا وایانکردووە کە کەمبوونەوەی گیاندارە کۆچەرییەکان بەردەوام بەرەو زیاتر بچێت".
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە یەکێک لە هەڕەشە بەردەوامەکانی سەر گیاندارە کۆچەرییەکان پیسبوونی ژینگەیە، کە بووەتە هۆی ئەوەی ساڵانە ملیۆنان باڵندە لە سەرانسەری جیهاندا لەنێوبچن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە راپۆرتەکەی نێوەندی چاودێری پاراستنی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لێوە کراوە، لە هەر پێنچ گیانداری کۆچەری یەکێکیان هەڕەشەی لەنێوچوونی لەسەرە.
٪51ـی ئەو ناوچانەی کە وەک ناوچەی لەبار بۆ گیاندارە کۆچبەرییەکان دەستنیشانکراون، هیچ پارێزبەندییەکیان نییە و 58٪ـی ئەو ناوچانەش کەوتوونەتە بەر هەڕەشەی چالاکییەکانی مرۆڤ، ئەمە وەک لە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ