ئەمریکا: کۆبوونەوەمان لەگەڵ رووسیا لە ریاز پەیوەندیی بە جەنگی ئۆکرایناوە نییە

18-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، نابێت کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمریکا و رووسیا لە سعودیە بە "دانوستاندن بۆ ئۆکراینا" ببینرێت. کرێملنیش دەڵێت، بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی ئەمریکا و رووسیایە.
 
رۆژی دووشەممە، 17-02-2025 تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "پێموانییە کە خەڵک ئەم کۆبوونەوەیە بە شتێک ببینن کە پەیوەندیی بە دانوستاندنەوە هەبێت." گوتیشی: "سەرۆک ترەمپ فەرمانی بە بەرپرسەکان کردووە لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی لەگەڵ سەرۆک پووتین کردی، کۆبوونەوەکان بکەن."
 
کۆبوونەوەکەی نێوان ئەمریکا و رووسیا لە سعودیە ئەمڕۆ دووشەممە کاژێر 6:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر دەستیپێکرد. 
 
مارکۆ روبیۆ، باڵاترین دیپلۆماتی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆبووەوە.
 
بەگوتەی بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە، پێشبینی دەکرێت روبیۆ باسی پلانی ترەمپ بۆ دەستبەسەرداگرتنی غەززە بکات.
 
رۆژی چوارشەممە، 12-02-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی (ترووس سۆشیال) رایگەیاند: "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەرهەمدار و درێژم لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پووتین کرد."
 
بەگوتەی ترەمپ، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، هەردوو سەرۆکەکە باسیان لە ئۆکراینا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وزە، هێزی دۆلار، ژیریی دەستکرد و چەندین بابەتی دیکە کردووە.
 
ترەمپ گوتی: "[لەگەڵ پووتین] رێککەوتین گیانلەدەستدانی ملیۆنان کەس لە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بوەستێنین و زۆر لە نزیکەوە پێکەوە کاربکەین. هەروەها رێککەوتین سەردانی وڵاتی یەکدی بکەین."
 
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند: "سەرۆک پووتین بانگێشتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپی کرد بۆ ئەوەی سەردانی مۆسکۆ بکات."
 
هەمان رۆژ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "بە تەلەفۆن گفتوگۆیەکی باشم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد. بە درێژی باسی دەرفەتەکانی بەدەستهێنانی ئاشتیمان کرد، گفتوگۆمان لەسەر ئامادەیی خۆمان بۆ کارکردن لەسەر ئاستی تیم کرد. من سوپاسگوزاری سەرۆک ترەمپم بۆ ئەوە خواستەی هەیەتی."
 
زیلینسکی راشیگەیاند، پێی ناخۆش بووە سەرەتا ترەمپ تەلەفۆنی بۆ پووتین کردووە.
 
سعودیە خاڵی کۆکردنەوەی رووسیا و ئەمریکایە، بەڵام ئۆکراینا نا. ئەگەرچی بابەتە گەرمەکە جەنگی ئۆکراینایە.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا رایگەیاند، کیێڤ بانگهێشتی گفتوگۆکانی سعودیە نەکراوە و ئامادەش نابێت بەشداری ئەو کۆبوونەوانە بکات، تاوەکو راوێژ لەگەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانی نەکات.
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری باڵای پووتین، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکان بەشدار دەبن.
 
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن رایگەیاند، گفتوگۆکان لەبارەی چاککردنەوەی پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی ئەمریکا و رووسیا دەبن، "ئەگەری هەیە دانوستاندنیش لەسەر ئۆکراینا بکرێت و ئامادەکاری بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەک بۆ دوو سەرۆکەکە [ترەمپ و پووتین] بکرێت."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت