رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا دەڵێت، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی داهاتوو کۆدەبنەوە، "گفتوگۆ لەسەر چەندین پرس دەکەن."
رۆژی دووشەممە، 17-02-2025، گوتەبێژێکی حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند: "هەفتەی داهاتوو سەرۆکوەزیران دەچێتە واشنتن دی سی."
ستامەر دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بەهێزتر بکات و باڵانسێکیش رابگرێت و پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا تێکنەدات، کە پێنج ساڵ لەمەوبەر لێی دەرچوو.
ئەو هەروەها هیوای بەوەیە لەبارەی جەنگی ئۆکراینا وەکو پردێک بێت لەنێوان ئەورووپا و ئەمریکا. پێشتریش گوتبووی، بەریتانیا دەتوانێت رۆڵێکی بێوێنە لە گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەست بگێڕێت.
لەوکاتەوەی ترەمپ بووەتەوە سەرۆکی ئەمریکا و لە 20ـی مانگی رابردوو سوێندی خواردووە، یەکەم کۆبوونەوەی دوو سەرکردەکەیە.
گوتەبێژەکەی داونینگ ستریت گوتی: "سەرۆکوەزیران دەیەوێت لەگەڵ سەرۆک ترەمپ کۆببێتەوە و باسی چۆنیەتی بەهێزکردنی پەیوەندییە بەهێزەکەمان بکات لە بازرگانی، وەبەرهێنان و ئاسایش."
ترەمپ رایگەیاندووە لە مانگی ئادارەوە پێناسی گومرگی دەخاتە سەر ئەو ستیل (پۆڵا) و ئەلەمنیۆمەی لە ئەورووپاوە هەناردەی ئەمریکا دەکرێت، سیاسەتیشی بەرامبەر غەززە و ئۆکراینا ئاشکرا کرد. گوتی، غەززە لەلایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و لەسەر جەنگی ئۆکراینا و رووسیاش لەگەڵ پووتین کۆدەبێتەوە.
سەردانەکەی ستامەر بۆ ئەمریکا لە کاتێکدایە، ئێستا ئەو چووەتە پاریس و بەشداری لە لووتکەیەکی بەپەلەی ئەورووپا دەکات لەسەر جەنگی ئۆکراینا.
رەخنە نییە
هەفتەی پێشوو ترەمپ بەبێ گەڕانەوە بۆ کیێڤ و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی، تەلەفۆنی بۆ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کرد و باسیان لە کۆتایی پێهێنانی جەنگەکە کرد. ئۆکراینا دڵگرانیی خۆی بەو بابەتە دەربڕی.
رۆژی یەکشەممە ستامەر گوتی، ئەگەر پێویست بکات، ئامادەیە هێز بنێرێتە ئۆکراینا. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پێیوایە ئەم ساتە لە هەر نەوەیەکدا تەنیا جارێک رووەدات و گوتی: "ئامادەین هێزەکانی خۆمان لەوێ جێگیر بکەین، ئەگەر پێویست بکات."
کیەر ستامەر لە گوتارێکدا کە لە رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی، "هەر رۆڵێک بۆ پاراستنی ئاسایشی ئۆکراینا، رۆڵێکە بۆ پاراستنی کیشوەرەکەمان و ئاسایشی ئەم وڵاتە." داواشیکردووە ئەگەر ئاشتی لە ئۆکراینا راگەیێنرا، "پێویستە بەردەوام و دادپەروەرانە بێت."
هەفتەی پێشوو، ستامەر لەگەڵ مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە لەندەن کۆبووەوە و لەو کاتەشدا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ترەمپ کردووە؛ ئەمەش وەک نووسینگەکەی رایگەیاند.
لەوکاتەوەی ترەمپ سەرۆکایەتیی ئەمریکا بردووەتەوە، لانیکەم سێ جار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کردووە.
رۆژی هەینی، 14ـی مانگ ترەمپ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانی گوتی: "[لەگەڵ ستامەر] کۆبوونەوەیەکی دۆستانەمان دەبێت. شتانێکی باش لەنێوانمان هەیە."
تائێستا ترەمپ پێشوازی لە چەند سەرکردە و سەرۆکێکی وڵاتان لە کۆشکی سپی کردووە، لەوانەش سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هیندستان.
هەرچەندە سیاسەتەکەی ترەمپ لە بەرامبەر ئۆکراینا و غەززە لەگەڵ سیاسەتی بەریتانیا یەکناگرێتەوە، بەڵام تائێستا لەندەن رەخنەی لە ترەمپ نەگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ