ئەمریکا: رووسیا جیدییە لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا

18-02-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی لە یەکەم دیداری بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ تیمی دانوستاندنکاری رووسیا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی تیمی تایبەت پێکبهێنن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراینا. 
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، لە سعودیە، تیمی دانوستاندنکاری ئەمریکا و رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، بێ بەشداریکردنی نوێنەرانی ئۆکراینا و وڵاتانی ئەورووپا کۆبوونەوە. 
 
لە دوای کۆبوونەوەش، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "دڵنیام لەوەی رووسیا ئامادەیە بەشدار بێت لە پرۆسەیەکی جیدی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا." 
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەردوو تیمی دانوستاندنکاری ئەمریکا و رووسیا بە سەرۆکایەتیی روبیۆ و لاڤرۆڤ، رێککەوتوون لەسەر ئەوەی دوو تیمی باڵای دانوستاندنکار پێکبهێنن بۆ دەستپێکردنی کارەکان بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا "بەشێوەیەک بێت کە لەلایەن هەموو لایەکەوە قبووڵکراو بێت." 
 
لە درێژەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، "ئێستا دەرفەتێکی ناوازە هاتووەتە پێش بۆ گەشەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ، کلیلی ئەو دەرفەتەش، کۆتایی هێنانە بە ناکۆکییەکانی ئۆکراینا. ئامانجەکەشمان ئەوەیە کۆتاییەکە بەشێوەیەک بێت کە هاوسەنگ، درێژخایەن و گونجاو بێت بۆ هەموو لایەک. کۆبوونەوەی ئەمڕۆش، یەکەم هەنگاو بوو لە رێیەکی دژوار، بەڵام گرنگ." 
 
لەبارەی بەشداریکردنی وڵاتانی ئەورووپیی لە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە، روبیۆ گوتی "هەندێ لایەنی دیکەش هەن کە سزایان بەسەر رووسیادا سەپاندووە، بۆیە دەبێت یەکێتیی ئەورووپا لەسەر مێزی گفوگۆ بێت، چونکە ئەوانیش سزایان بەسەر رووسیادا سەپاندووە." 
 
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لەبارەی گفتوگۆکانی رۆژی سێشەممە، لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند "گفتوگۆکانمان لەگەڵ شاندی ئەمریکا سوودبەخش بوون و باسمان لەوە کرد باڵیۆزخانەکانی خۆمان لە هەردوو وڵات کارا بکەینەوە." 
 
هەروەها وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتیشی، "ئەوان لەداهاتوویەکی نزیکدا وەڵامی پێشنیازەکانی ئەمریکا لەبارەی ئۆکرایناوە دەدەنەوە،" ئاماژەی بەوەش کرد لە دوای گفتوگۆکانی سعودیە، ئەمریکا هەڵوێستی رووسیا لەبارەی ئەو پرسەوە "باشتر تێگەیشت." 
 
لاڤرۆڤ باسی لەوە کرد ئەم گفتوگۆیانە لە "بەرژەوەندیی هەردوولادایە"، بەتایبەتی ئەگەر ببێتە هۆی "لادانی لەمپەرە ئابوورییەکان"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر مۆسکۆ، لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە. 
 
لەبارەی ئەو هەنگاوەوە، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، "ویستێکی بەهێز هەیە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هەڵگرتنی سەرجەم ئەو بەربەستە دەستکردانەی لەبەردەم بەرژەوەندییە ئابوورییەکان هەن. ئێمە بە ئەمریکاشمان راگەیاند، دژی ئەوەن وڵاتی ئەندامی ناتۆیش هێز بۆ ئۆکراینا بنێرێت." 
 
هەر لەبارەی گفتوگۆکانەوە، مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا کە یەکێک بوو لە بەشداربووەکانی گفتوگۆکان رایگەیاند، سەرنجی کۆبوونەوەکە زیاتر لەسەر گەرەنتیدان بە بەرقەراربوونی ئاسایش.
 
گوتیشی، "دەبێت کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە درێژخایەنە بێت و کاتیی نەبێت، هەروەکو لە رابردوودا بینیومانە. هەروەها قسەش لەسەر خاک و ئاسایش دەکرێت." 
 
بەڵام گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا لە سعودیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، هەریەک لە ئۆکراینا و ئەورووپییەکانی تووڕە کردووە و لە یەکەم کاردانەوەی کۆبوونەوەکەش، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، رەخنەی گرت و گوتی "بەبێ ئۆکراینا باسی ئۆکراینا دەکرێت." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەشتی تاکسییەکانی چین بە دەنگ و ڤیدیۆ تۆمار دەکرێن.

بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە تاکسییەکانی چین، رێژەی تاوانی 7 هێندە کەمکردووەتەوە

دەمێکە چین سەردەمی تاکسی میتەر یان پێوەری ئەلیکترۆنی تێپەڕاندووە، جگە لە شوێنهەڵگر (GPS)، هەموو گەشتەکان بە دەنگ و ڤیدیۆ تۆماردەکرێن، ئەمەش وایکردووە تاوانی نێو تاکسی حەوت هێندە کەم بکات.