رووداو دیجیتاڵ
کۆمیتەی سەربەخۆی نێودەوڵەتی بۆ گەڕان بەدوای راستییەکان لە ئێران، راپۆرتی تایبەت بە "خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2022ی ئێران لەدوای گیانلەدەستدانیی ژینا ئەمینی" و کاردانەوەی "کۆماری ئیسلامی"ی پێشکێش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و تێیدا "دەوڵەتی ئێران بە بەرپرس لە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی" ناودەبات.
رۆژی دووشەممە 18-03-2024 لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤی سویسرا و لەبەردەم لیژنەی مافەکانی مرۆڤ، راپۆرتی کۆمیتەکە خوێندرایەوە، کە تێیدا هاتووە، "سەرەڕای ئەوەی کەمترین کارئاسانییان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بۆ کراوە، کۆمیتەکە زیاتر لە 27 هەزار بەڵگەی کۆکردووەتەوە و سەرووی 134 چاوپێکەوتنی چڕ و قووڵی لەگەڵ قوربانی و شایەتحاڵان کردووە، لەنێویاندا 49 ژن و 85 پیاو لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات؛ هەروەها زانیاری و بەڵگەی لە شارەزایانی کاروباری تاوانکاری وەرگرتووە."
بەگوێرەی راپۆرتەکە، "کۆمیتەکە لە نزیکەوە تاوتوێی بەڵگەکانی حکومەت و راگەیێندراوی فەرمیی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی کردووە؛ شیکاری بۆ 41 راپۆرتیی ئەنجوومەنی باڵای ئێران بۆ مافەکانی مرۆڤ کردووە و گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی زانیاریی لەگەڵ کۆمیتەی تایبەتی ئێران بۆ لێکۆڵینەوە لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2022، کردووە."
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە دوای ئەو هەموو لێکۆڵینەوە و توێژینەوانە، کۆمیتەکە بۆی دەرکەوتووە کە "لە بارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران کە لە 16ی ئەیلوولی 2022 دەستیانپێکرد، دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بەرپرس بووە لە پێشێلکاریی زەقی مافەکانی مرۆڤ."
سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، لە راپۆرتی کۆمیتەکەدا هاتووە، "وردبینی، لێکۆڵینەوە و ئەنجامدانی شیکاریی بۆ بەڵگە پزیشکییەکان بەو راستییە دەمانگەیێنن کە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بە شێوەیەکی (نایاسایی) بووە." دەشڵێت، "ئێمە لەو باوەڕەداین دەوڵەتی ئێران بەرپرسە لە مردنی ئەو."
ژینا ئەمینی کچێکی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی سەقزی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، رۆژی 13ی ئەیلوولی 2022 لە وێستگەیەکی میترۆی تاران بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە دەستبەسەر کرا و دواتر باری تەندروستیی تێکدەچێت، سێ رۆژ پاش دەستبەسەرکردنی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا کە مردنەکەی شەپۆلێکی فراوانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە راپۆرتی کۆمیتەی سەربەخۆی نێودەوڵەتی بۆ گەڕان بەدوای راستییەکان لە ئێران، هاتووە: "دەوڵەتی ئێران لە وەڵامی خۆپیشاندانە ئاشتیانەکەی خەڵک، کە بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام بوون، هێزی نەشیاو و ناپێویستی لە 26 لە کۆی 31 پارێزگاکەی ئەو وڵاتە بەکارهێناوە کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی لانیکەم 551 لە نێویاندا 49 ژن و 68 منداڵ."
بەڵام ئێران ئەو ژمارەیە رەتدەکاتەوە و رایگەیاندووە، کە تەنیا 281 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون؛ زۆربەیان بە گوتەی حکومەت بەهۆی کاری گێرەشوێنی و هێرشی تیرۆرستییەوە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ