رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ چوونە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانى ئێران و دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە بازرگانییەکانی پەیوەندیدار بە ئێران لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا.
رۆژی شەممە، 18ی نیسانی 2026 بەرپرسانی ئەمریکا بە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"یان راگەیاند، واشنتن قۆناخێکی نوێی گوشارەکانى دژی تاران دەستپێکردووە و ناویان ناوە "تووڕەیی ئابووری".
ئەم پلانە دوابەدواى راگەیاندنەکەى رۆژى شەممەى سوپای ئێرانە بە داخستنی تەنگەی هورمز و هێرش کردنە سەر چەند کەشتییەکی بازرگانی، دواى ئەوەى رایگەیاندبوو تەنگەکە کراوەیە.
جەنەراڵ دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە 16ى نیسان رایگەیاندبوو: "ئەمریکا بە چالاکانە راوەدووی هەر کەشتییەک دەنێت ئاڵای ئێرانی پێوە بێت یان هەوڵی هاوکاریی ماددی بۆ ئێران بدات. ئەمە (کەشتیگەلی سێبەر)یش دەگرێتەوە کە بۆ دەربازبوون لە سزاکان و رێسا نێودەوڵەتییەکان بەکاردێن."
بە گوتەی جەنەراڵ کەین، فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە زەریای هیند و هێمن بەشێک دەبن لەم ئۆپەراسیۆنە جیهانییەی مەبەست لێی راماڵینی سەرچاوە داراییەکانی تارانە.
بەپێی ئامارەکان، تاران رۆژانە نزیکەی 1.6 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات و زۆربەی بۆ چین دەڕوات و لەلایەن پاڵاوگە بچووکەکانەوە دەکڕدرێت.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، ئەو هەنگاوە نوێیەی سوپا پەیامێکی روونیشە بۆ پەکین تاوەکو دەستبەرداری کڕینی نەوتی ئێران بێت.
هاوکات، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای خستە سەر زنجیرەیەک کەشتی و کۆمپانیا کە لەلایەن محەممەد حوسێن شەمخانی، کوڕی عەلی شەمخانی (راوێژکاری باڵای پێشووى ئێران) بەڕێوەدەبرێن. هەروەها تود بلانچ، جێگری داواکاری گشتیی ئەمریکا بەڵێنی داوە هەر لایەنێک نەوتی سزادراوی ئێران بکڕێت یان بفرۆشێت، رووبەڕووی دادگا بکرێتەوە.
دانوستاندنەکانی هەفتەی رابردووی ئیسلامئاباد بێ ئەنجام بوون، چونکە تاران رەتیکردەوە تەواوی یەدەگی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی رادەستی ئەمریکا بکات.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە دوابەدواى گەمارۆکەیان لەسەر بەندەرەکانى ئێران، لە رۆژی دووشەممەوە تاوەکو ئێستا 23 کەشتییان لە تەنگەى هورمز گەڕاندووەتەوە.
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا هۆشداری داوە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان. ترەمپ هەڕەشەی کردووە ئەگەر تاران چۆک دانەدات، وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی وڵاتەکە رادەماڵێت، بەڵام ئیدارەکەی هێشتا وریایە لە بەکارهێنانی هێزی پیادە کە دەکرێت زیانی گیانیی زۆری لێبکەوێتەوە.
مارک نێڤیت، پرۆفیسۆری یاسا لە زانکۆی ئیمۆری، دەڵێت ئەوەی ترەمپ دەیکات "ستراتیژی زۆرینەیە" بۆ خنکاندنی تاران لە رێگەی بەکارهێنانی هەموو دەسەڵاتە یاسایی و سەربازییەکان لە دەریاکاندا.
رۆژى شەممە 18ى نیسان، لەبارەى داخستنەوەى تەنگەکە لەلایەن ئێرانەوە، سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، "هەڵوەستێکى توندیان" دەبێت و لەگەڵ ئەوەش لە گفتوگۆدان لەگەڵ ئێران بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ