ئێلەگی رزگاربوویەکی تایتانیک بە نزیکەی نیو ملیۆن دۆلار دەفرۆشرێ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێلەگێکی رزگارکردن کە یەکێک لە رزگاربووانی کەشتیی تایتانیک لەبەری کردبوو، لە زیادکردنێکی ئاشکرای دەگمەندا دەرفرۆشرێ. شارەزایان پێشبینی دەکەن نرخەکەی بگاتە 339 هەزار بۆ 474 هەزار دۆلار.
 
ئەم ئێلەگە هی لۆرا مەیبڵ فرانکاتێلی، سەرنشینی پلە یەکی کەشتییە مێژووییەکەیە، کە 114 ساڵ لەمەوبەر نوقم بوو. خانەی زیادکردنی "هێنری ئاڵدریج و کوڕەکەی" لە بەریتانیا دەڵێ، ئەمە تاکە ئێلەگی رزگاربوویەکی ئەو کارەساتەیە کە تاوەکو ئێستا خرابێتە زیادکردنی ئاشکراوە، بۆیە بە هەلێکی "جارێک لە تەمەنێکدا" ناوی دەبەن.
 
کاتێک کەشتیی تایتانیک لە 10ی نیسانی 1912 بەڕێکەوت، بە گەورەترین کەشتیی نەفەرهەڵگر دادەنرا و وا دەبینرا کە "هەرگیز نوقم نابێت". بەڵام تەنیا دوای چوار رۆژ، لە کاژێر 11:40 شەوی 14ی نیسان، گەشتی یەکەمی تایتانیک بووە کارەساتێکی جیهانی و کەشتییەکە خۆی کێشا بە شاخێکی سەهۆڵیندا لە باکووری زەریای ئەتڵەسی.
 
کەشتییەکە لە کەمتر لە سێ کاژێردا نوقم بوو. بەهۆی ئەوەی بەلەمی رزگارکردنی پێویست بۆ 2,220 سەرنشینەکە تێدا نەبوو، تەنیا نزیکەی 700 کەس رزگاریان بوو.
 
لۆرا فرانکاتێلی، سکرتێری لوسی داف گۆردۆن، دیزاینەری ناسراوی مۆدە بوو. ئەو و خاوەنکارەکەی و هاوژینی خاوەنکارەکەی، هەر سێکیان توانییان لەرێگەی یەکەم بەلەمی رزگارکردنەوە خۆیان رزگار بکەن.
 
ئەم ئێلەگە رەنگی بێجییە و ئەوەی نرخەکەی گرانتر کردووە، بوونی واژۆی لۆرا فرانکاتێلی و ئەو کەسانەی دیکەیە کە لەنێو هەمان بەلەمی رزگارکردندا بوون.
 
ئەندرۆ ئاڵدریج، بەڕێوەبەری خانەی زیادکردنەکە لە ئیمەیڵێکدا بۆ میدیای ئەمریکی نووسیویەتی: "هەر پیاو، ژن و منداڵێک لەو کەشتییە چیرۆکێکی بۆ گێڕانەوە هەبووە. لە راستیدا ئێمە لێرەدا 2,200 بەشی مێژووییمان هەیە و ئەمڕۆ لەرێگەی ئەم پارچە مێژووییانەوە ئەو چیرۆکانە دەخەینە روو."
 
پێشتر ئەم ئێلەگە لە مۆزەخانەی تایتانیک لە بێڵفاست (ئەو شوێنەی کەشتییەکەی لێ دروستکرا) و گەورەترین مۆزەخانەی تایتانیک لە ویلایەتی تێنیسی ئەمریکا نمایش کراوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە