کوردستان وەکو 'وڵات' بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کتێبی پاریس دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
800 ناونیشان نمایش دەکرێن لە فێستیڤاڵەکە نمایش دەکرێن
800 ناونیشان نمایش دەکرێن لە فێستیڤاڵەکە نمایش دەکرێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ بە ناونیشانی "وڵات" بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کتێبی پاریسدا کردووە و تێیدا نزیکەی 800 ناونیشانی کتێب لەسەر دۆزی کورد و کولتووری کوردستان نمایش دەکرێن.
 
فێستیڤاڵەکە کە لە هۆڵی "گراند پالاس" لە پاریس بەڕێوەدەچێت و تاوەکو 19ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، رۆژی 16ی نیسان بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
 
بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لەژێر ناونیشانی "کوردستان، بە هەموو شێوە نووسینەکانیەوە" لەلایەن نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا رڕێکخراوە. سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە پاریسە، بە (دیاسپۆرا)ی ڕووداوی راگەیاند: "بەشداریکردن لەم فێستیڤاڵە ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی بڵێین کورد نەک تەنیا لە ڕووی سیاسی، بەڵکو لە ڕووی کولتووریشەوە ئامادەییەکی باشی هەیە و دەیەوێت خۆی بە کۆمەڵگەی فەرەنسی بناسێنێت."
 
لە لایەکی دیکەوە، عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد کە لەم فێستیڤاڵەدا 14 وڵاتی جیهان بەشدارن و کوردستان وەک وڵاتێک لە تەنیشتیان دانراوە. گوتیشی: "ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی بەرهەمە وێژەییەکانی نووسەرانی کورد بە خوێنەرانی فەرەنسی ئاشنا بکەین."
 
بڕیارە لە چوارچێوەی ئەم چالاکییە کولتوورییەدا، چەندین کۆڕ و سیمینار لەسەر مێژوو و ئەدەبیاتی کوردی بۆ نوسەران و رۆشنبیرانی بیانی بەڕێوەبچێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە