رووداو دیجیتاڵ
پرسی کردنەوەی تەنگەی هورمز بووەتە بابەتێکی زۆر هەستیار و گرنگ، نەوەک تەنیا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵکو بۆ هەموو وڵاتانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی نزیکەی 20٪ی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێ.
بۆچی ئەمریکا داوای هاوکاری لە ئەورووپا دەکات؟
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ چەندین جار جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هاوپەیمانەکانی واشنتن لە ناتۆ، بە تایبەتی ئەورووپییەکان رۆڵی خۆیان لە شکاندنی گەمارۆی سەر تەنگەی هورمز بگێڕن، بەڵام رەتکردنەوەی داواکارییەکە لە لایەن ئەورووپییەکانەوە توڕەیی ئەمریکای لێ کەوتەوە.
پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای پاڵپشتی لە هاوپەیمانەکانی دەکات لە ئەرکێکدا کە گریمانە دەکرێت لە چوارچێوەی تواناکانی هێزی دەریایی خۆیدا بێت؟ وڵاتانی ئەورووپی خاوەنی چ شتێکن کە واشنتن نییەتی؟
وەڵامەکە دژبەیەکییەکی روون ئاشکرا دەکات، چونکە ئەمریکا سەرەڕای هەبوونی بەهێزترین هێزی دەریایی لە جیهاندا، توانای خۆی لە بواری لابردنی مینەکاندا کەمکردووەتەوە. ئەمریکا لە ساڵی 2025دا چوار کەشتیی میندۆزی تایبەتی لە خزمەت لابرد کە لە کەنداو جێگیربوون، ئەمەش وایکردووە تەنیا ژمارەیەکی کەم لەو ئامرازەی بەدەستەوە بمێنێت.
ئەمریکا ئێستا پشت بە سێ کەشتیی جەنگیی دەبەستێت، بەڵام ئەم کەشتییانە ژمارەیان کەمە و هەندێکیشیان تەنانەت لە ناوچەکەدا نین. واشنتن هەروەها پشت بە تەکنەلۆژیای مۆدێرنی وەک ئامێرە ژێرئاوییە بێسەرنشینەکان دەبەستێت کە هەستەوەر بەکاردەهێنن، لەگەڵ بەلەمی بچووکی بێسەرنشین بۆ تەقاندنەوەی مینەکان لە دوورەوە، جگە لە بەکارهێنانی هێلیکۆپتەر و ژیریی دەستکرد بۆ شیکردنەوەی داتاکان.
ئەمریکا تەکنەلۆژیا نوێیەکەی تاقی نەکردووەتەوە
ئەم تەکنەلۆژیا نوێیانەی ئەمریکا، سەرەڕای پێشکەوتنیان، هێشتا ژمارەیان سنووردارە و بە شێوەیەکی پێویست لە جەنگەکاندا تاقی نەکراونەتەوە. ئەمەش ئەو لێکدانەوەیەی دروستکردووە کە رەنگە واشنتن ناچار بێت پشت بە هاوپەیمانەکانی ببەستێت بۆ پشکنینی گشتگیر و دابینکردنی ئاسایشی رێڕەوە دەریاییەکان. لە بەرامبەردا، وڵاتانی ئەورووپی وەک بەریتانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا و بەلجیکا، خاوەن ئەزموونێکی پێشکەوتوون لە لابردنی مینە دەریاییەکان، ئەوەش بەهۆی چەندین دەیە کارکردن لە ژینگە ئاڵۆزەکاندا.
سەرەڕای ئەوەش، ئەو وڵاتانە لە وەڵامدانەوەی داواکەی ترەمپدا دوودڵ بوون. بەڵام ئەرکێکی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی فەرەنسا و بەریتانیا هەوڵ دەدات هێزێکی فرەنەتەوەیی بۆ پاراستنی کەشتیوانی لە هورمز پێکبهێنێت، کاتێک دۆخەکە رێگە بدات. بەڵام دیپلۆماتکارە ئەورووپییەکان پێشتر گوتبوویان کە کەشتییە ئەورووپییەکان لەژێر فەرمانی ئەمریکادا نابن و ناچنە نێو هیچ پرسێکی سەربازی یان گەمارۆیەک دژی ئێران، ئەمەش رەنگدانەوەی ناکۆکییەکی سیاسیی روونە لەسەر سرووشتی رۆڵەکان.
ئێران خاوەنی نزیکەی 6 هەزار مینی دەریاییە
تاران هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی مینی لە تەنگەی هورمز کردبوو، بەڵام هێشتا هیچ دڵنیاییەک نییە ئایا بە راستی ئەو کارەی کردووە یان نا. بەڵام ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین بەکارهێنەر و خاوەنی مینی دەریاییە. خەمڵاندنە ئەمریکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران نزیکەی 6,000 مینی دەریایی هەیە. سوپای پاسداران کۆگەیەکی هەمەجۆری لە مینە دەریاییەکان پەرە پێداوە، کە دیارترینیان کۆگەی "مەهام"ـە.
ئەم مینانە چەندین جۆری سەرەکی دەگرنەوە: مینی ئاسایی کە لە کاتی بەرکەوتنی ئامانجەکە دەتەقێتەوە، مینی موگناتیسی کە هەست بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان دەکات لەرێگەی کاریگەرییان لەسەر کایەی موگناتیسی، مینی دەنگی کە کاردانەوەی بۆ ئەو دەنگە دەبێت کە لە بزوێنەرەکانەوە دەردەچێت، لەگەڵ مینی گوشار کە بەهۆی گۆڕانی گوشاری ئاوەوە دەتەقێتەوە. هەندێکی دیکەشیان پشت بە ئاماژە کارەباییەکان دەبەستن کە لە ئەنجامی جووڵەی کەشتییەکان دروست دەبن. هەروەها ئەم کۆمەڵەیە مینی هاوێژراو و ئەو مینانەش دەگرێتەوە کە لە دوورەوە کۆنترۆڵ دەکرێن. ئەم هەمەجۆرییە پڕۆسەی دۆزینەوە و لادانیان ئاڵۆزتر دەکات.
مەترسیی مینەکان لە سرووشتی تەنگەکەدایە، چونکە جوگرافیای تەنگەکە خۆی چەکێکە. ئەوێ رێڕەوێکی تەسکە کە کەشتییەکان تێیدا بە رێگەی دیاریکراودا تێدەپەڕن، هەروەها رێڕەوەکە لە زۆر شوێندا تەنکە و کەم قووڵە. ئەم هۆکارانە دۆزینەوە و لادانی مینەکان قورستر دەکەن و مەترسی بۆ سەر کەشتییەکان و تەنانەت یەکەکانی میندۆزیش لە کاتی کارکردنیاندا زیاد دەکەن.
بەڵام ئاڵنگارییەکە تەنیا بە لادانی مینەکان ناوەستێت. سەرەڕای ئەو وێرانکارییە بەرفراوانەی بەهۆی لێدانە ئەمریکی-ئیسرائیلییەکانەوە بەر ئێران کەوتووە، خەمڵاندنەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هێشتا 80٪ بۆ 90٪ی بەلەمە بچووکەکان و ئامرازەکانی مینڕێژکردنیان پاراستووە، ئەمەش توانای ئەوەیان پێ دەدات بە خێرایی سەدان مینی دیکە بڵاو بکەنەوە و هەر ئۆپەراسیۆنێکی پاککردنەوە تەنیا بە کاتی بهێڵنەوە.
مینە دەریاییەکان لە رووی تێچووەوە یەکێک لە کاریگەرترین چەکەکانن؛ هەرزانن و بەکارهێنانیان ئاسانە، بەڵام کاریگەریی گەورەیان هەیە. تەنیا گومانکردن لە بوونیان بەسە بۆ بەرزکردنەوەی تێچووی دڵنیایی لەسەر کەشتییەکان، پەکخستنی کەشتیوانی و کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی وزە. ئەمانە بە چڕی لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەم و جەنگی تانکەرەکان لە نێوان ئێران و عێراقدا بەکارهێنران.
هەروەها مینەکان بە کۆتاییهاتنی جەنگەکان ون نابن، چونکە تاوەکو ئەمڕۆ هەزاران مین لە هەردوو جەنگی جیهانی لە دەریای باڵتیک، دەریای باکوور و دەریای رەشدا دەدۆزرێنەوە. لە رووی ژینگەییشەوە، مینەکان دەبنەهۆی پیسبوونی ئاو و لێچوونی مادە مەترسیدارەکان، هەروەها تەقینەوەکانیان دەبێتەهۆی کوشتنی زیندەوەرە دەریاییەکان و تێکدانی هاوسەنگیی سیستمی ژینگەیی. بەڵام هێزی مینە دەریاییەکان لە جەنگەکاندا لەوەدایە کە تا رادەیەک سادەن و پێویستییان بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو نییە، هێندەی ئەوەی پێویستییان بە شوێنێکی هەستیار هەیە. لە شوێنێکی وەک تەنگەی هورمز، تەنیا ئەگەری هەبوونی یەک مین بەسە بۆ ئەوەی تەواوی جیهان بە وریاییەوە رەفتار بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ