رووداو دیجیتاڵ
زانایانی ئەمریکی مادەیەک لە توێکڵی قرژاڵدا دەدۆزنەوە کە چاوەڕێدەکرێت لە دروستکردنی پاتری ئۆتۆمبێلی کارەباییدا ببێتە جێگرەوەی لیسیۆم.
کۆمەڵێک زانای زانکۆی ماریلاند لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئاشکرایان کردووە کە توێکڵدارەکانی وەک قڕژال و لۆبستەر، مادەیەکی کیمیایی لە توێکڵەکەیاندا هەیە پێیدەگوترێت کایتین، کە دەکرێت لەگەڵ زینک تێکەڵبکرێت و پاتریی بەهێزی پێ دروستبکرێت.
توێکڵی توێکڵدارەکان، کە پڕن لەو مادەیە، رۆژانە بڕێکی گەورەیان لەلایەن خواردنگەکەکانەوە فڕێدەدرێت. بەڵام لێکۆڵەرەکان بڕوایان وایە، ئەو پاشماوانە دەکرێت وەکو سەرچاوەیەکی وزە سوودی لێ ببینرێت بۆ ئەوەی پاتریی تەمەن درێژتری لێ دروستبکرێت.
پاتریی جۆری ئایۆنی لیسیۆم کە لە لاپتۆپ، موبایل و ئۆتۆمبێلەکاندا بەکاردەهێنرێن، دوای بەسەرچوون و لەکارکەوتنیان، سەدان هەزار ساڵیان پێویستە تاوەکو شی دەبنەوە، ئەمە لە پاڵ ئەو زیانە وێرانکەرانەی لە کاتی دەرهێنانی لیسیۆم بە هەسارەکە دەگەن.
بەڵام ئەم پاتریانەی کە زانایان دەیانەوێت لە توێکڵی قرژاڵ و رۆبیان و توێکڵدارەکانی دیکە دروستیبکەن، دۆستی ژینگەن و تەنیا دوای پێنج مانگ لە نێو خاکدا شیدەبنەوە و تەنیا زینک لە دوای خۆیان جێدێڵن کە ئەویش دەکرێت دووبارە بەکاربهێنرێتەوە.
لێکۆڵینەوەکەی زانکۆی ماریلاند بەو ئەنجامە گەیشتووە کە پاتریی کایتین و زینک، دوای 400 کاژێر لە کارپێکردنیان، تواناکەیان لە 99.7٪ـدا دەمێنێتەوە و ئەم پاترییانە دەکرێت ژمارەیەکی زۆریان بە تێچووێکی کەم بەرهەمبهێنرێن.
لە کاتێکدا کە جیهان پشت لە سەرچاوەی پیسی وەک گازی میسان و خەڵۆز دەکات، پێویستی بە ژمارەیەکی زۆری پاتریی هەرزان و دۆستی ژینگە دەبێت. دەکرێت توێکڵدارەکان چارەسەرێک فەراهەم بکەن، بە تایبەتیش بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە پاتریی لیسیۆم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ