رووداو دیجیتاڵ
لە ناوەندێکی پزیشکیی تایبەت بە کۆچبەران لە پاریس کە لەلایەن رێکخراوە خێرخوازییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، هەموو ئەو کۆچبەرانەی کە مافی مانەوەیان نییە بەبێ بەرامبەر چارەسەر وەردەگرن، بەڵام بەرپرسانی فەرەنسا دەڵێن، لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی ئۆلۆمپیک دادەخرێن، کە لە 26ـی تەممووز لە پاریس بەڕێوەدەچێت.
ئەیوب، کۆچبەری مەغریبی دەڵێت: "راستییەکەی پۆلیس لێرە کاری خۆی دەکات، من گلەیی لەوە ناکەم، بەڵام ئەوە دەزانم من کۆچبەرێکی نایاساییم، بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ دەستگیر بکرێم، ناڕۆم دەست بکەم بە هاوارکردن، بەڵکو خۆم لە سەرنجڕاکێشانی ئەوانی دیکە بەدوور دەگرم. من حەز دەکەم دەستم بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بگات، بەڵام ئەگەر نەتوانم ئەوە بکەم، هیچ شتێکی دیکە ناکەم".
بەرپرسانی ناوەندەکان باس لەوە دەکەن، لە یەکی تەممووزەوە تاوەکو 15ـی ئەیلوول، ناوەندەکان دادەخرێن. حکومەتیش داخستنی ناوەندەکانی بۆ هۆکاری ئەمنی و دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ گەشتیاران گەڕاندووەتەوە.
داخستنی ناوەندە تەندروستییەکانی پاریس کە ساڵانە زیاتر لە چوار هەزار کۆچبەری نایاسایی تێیاندا چارەسەر وەردەگرن، نیگەرانیی رێکخراوە خێرخوازییەکانی لێدەکەوێتەوە.
ماتیۆ دریان، سەرۆکی رێکخراوی پزیشکانی جیهانی گوتی: "ئەوە بڕیارێکی قورس بوو، جۆرێکە لە جێهێشتنی کۆچبەران، بەڵام لەهەمانکاتدا بەرپرسیارییەتێکیشە بەرامبەر بەو کەسانە پاڵپشتییان دەکەین. ئەمڕۆ کرانەوەی ئەو ناوەندە بەو شێوازەی کە بەرپرسان باسی دەکەن، پڕە لە مەترسی بۆ ئەو کەسانەی کە لێرەن. هەربۆیە ئێمە بەرپرسیارانە بڕیارماندا بۆ ئەوەی ناوەندەکەمان بۆ ئەو ماوەیە دادەخەین".
ئامارەکانی حکومەتی فەرەنسا دەریدەخەن، تەنیا پار 183 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 124 هەزار کەس داوای مافی مانەوەیان کردووە. ژمارەی ئەو کۆچبەرانەشی کە بێ بەڵگەنامە لەو وڵاتە دەژین، لەنێوان 300 تاوەکو 400 هەزار کەس دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ