ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکە رێکارەکان بەرامبەر کۆچبەران تووندتر دەکەن

18-07-2025
رووداو @Rudawkurdish
ژمارەیەک کۆچبەر لە ئەڵمانیا. وێنە: ئەرشیڤ
ژمارەیەک کۆچبەر لە ئەڵمانیا. وێنە: ئەرشیڤ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ لە بەرزاییەکانی زوگزپیدشە لە ئەڵمانیا لووتکەیەک لەبارەی کۆچ و سیاسەتی ئەورووپا بەرامبەر کۆچ بەڕێوەبچێت، ئەڵمانیا میوانداریی لووتکەکە دەکات و وڵاتانی فەرەنسا، پۆڵاند، نەمسا، دانیمارک و چیک بەشداریی تێدا دەکەن.
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، "ئەلیکساندەر دوبرێندت سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی لووتکەی وەزیرانی ئەو وڵاتانە دەکات، لووتکەکە لە بەرزترین شوێنی ئەڵمانیا لە زوگزپیدشە بەڕێوەدەچێت، تێیدا تاوتوێی تووندکردنی سیاسەتی کۆچ لە ئەورووپا دەکرێت، هەر بڕیار و رێکارێک لەو کۆبوونەوەیە کاریگەریی زۆر لەسەر سەتان هەزار کۆچبەر و پەناخواز دادەنێت."
 
ئەو وەزارەتەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئامانجی بەڕێوەچوونی لووتکەکە تاوتوێی تووندترکردنی سیاسەتی کۆچە لە ئەورووپا و دانانی ئەجێندایەکە بۆ خێراکردنی چاکسازی لە پرسی کۆچبەراندا."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، وەزیری ناوخۆ بانگهێشتی وڵاتانی دراوسێی ئەڵمانیای کردووە بۆ کۆمەڵێک رێکاری گرنگ لەبارەی چاکسازی لە سیاسەتی کۆچدا. بڕیاریشە ماگنوس برونەر، کۆمیسیاری کاروباری ناوخۆی ئەورووپا بۆ پرسی کۆچبەران بەشداری لە لووتکەکەدا بکات.
 
لە چوارچێوەی سیاسەتە نوێ و تووندترەکانی بەرامبەر کۆچبەران، حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا بە راوێژکاریی فرێدریش مێرتز، رێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ حکومەتی بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی کەیر ستارمەر واژۆ کرد. ئەم رێککەوتنە کە هەر ئەم هەفتەیە واژۆ کرا، بەشێکی گرنگی تەرخانکراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی قاچاخچێتی بە کۆچبەرانەوە و جەخت لەسەر هاوکاریی تەناهیی نێوان هەردوو وڵات دەکاتەوە، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکە بەراورد بە سیاسەتەکانی کابینەی پێشووی ئەڵمانیا.
 
بەپێی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە، ئەڵمانیا پابەند دەبێت بە تەواوکردنی رێوشوێنە یاساییەکان، بۆئەوەی لەمەودوا هەر کەسێک یارمەتیی ناردنی کۆچبەران بدات لەنێو خاکی یەکێتیی ئەورووپاوە بۆ بەریتانیا، وەکو تۆمەتباری قاچاخچێتی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و رووبەڕووی دادگا بکرێتەوە. ئەم هەنگاوە جیاوازە لە یاسا کارپێکراوەکانی ئێستای ئەڵمانیا، کە زیاتر تیشکیان لەسەر ئەو کەسانەیە کە کۆچبەران بە قاچاخ دەهێننە ناو یەکێتیی ئەورووپا یان لەنێوان وڵاتانی ئەندامدا هاتووچۆیان پێدەکەن.
 
هۆکاری سەرەکیی ئەم رێککەوتنە نوێیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەلێنە یاساییەی بەهۆی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا (برێگزیت) دروست بووە. پێشتر، بەهۆی ئەم بۆشاییەوە، ئەڵمانیا توانای سنوورداری هەبوو بۆ هاوکاریکردنی بەریتانیا لە چاودێریکردن و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە ئەڵمانیا نیشتەجێن و گومانی قاچاخچێتییان لێدەکرێت بۆ بەریتانیا. ئەم رێککەوتنە نوێیە ئەو کەلێنە پڕ دەکاتەوە و رێگە بۆ هەماهەنگیی زیاتر خۆش دەکات.
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ، ئەم ساڵ تاوەکو 7ی تەممووز، 68 هەزار و 831 کۆچبەر چوونەتە وڵاتانی ئەورووپا، هەمان ماوەی ساڵی رابردوو نزیکەی 80 هەزار کەس چووبوون.
 
ئەم ساڵ 985 کۆچبەر لە رێگەی هەوڵی گەیشتن بە ئەورووپا مردوون یان بێسەروشووێن بوون، ساڵی 2024 ژمارەکە سێ هەزار و 812 کەس بوو.
 
بەگوێرەی ئاژانسی داواکردنی مافی پەنابەری لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 183 هەزار و 810 کەس داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کردووە، ئەمە 23.5%ی لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو کەمترە. زۆرینەی ئەوانەی داوای مافی پەنابەرییان کردووە خەڵکی وڵاتانی ڤەنزوێلا، ئەفغانستان و سووریا بوون.
 
بەگوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی ئەورووپا، سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 123 هەزار و 905 کەس دیپۆرتی وڵاتەکانیان کراونەتەوە یان داوایان لێکراوە یەکێتیی ئەورووپا جێبهێڵن، ئەمە 18.4% لە هەمان ماوەی پار کەمترە. زۆرینەی ئەوانەی ئەم ساڵ خەڵکی جەزائیر، مەغریب و سووریا بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.