رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی دەیەوێت بە "وڵاتێکی جێگەی ئارەزووی کۆچبەران بمێنێتەوە،" بۆئەوەی کورتهێنانی هێزی کار نەهێڵێت، بەڵام لە هەمان کاتدا نابێت لەبەر کۆچی نایاسایی، شارەکانی خۆی بخاتە ژێر "بارگرانییەوە."
حکومەتەکەی فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رێکارەکانی دژی کۆچی نایاسایی تووندوتۆڵ کردوون، لە کاتێکدا جەماوەری پارتی راستڕۆی تووندڕۆی دژە کۆچبەری جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) لە زیادبووندایە.
رۆژی هەینی ئەڵمانیا رایگەیاند، 81 هاووڵاتیی ئەفغانستانیی تاوانباری دیپۆرت کردوونەتەوە.
ئەلێکساندەر دۆبرینت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، کە میوانداریی چەند وەزیرێکی ناوخۆی وڵاتانی ئەورووپای کردبوو بۆئەوەی لەبارەی کۆچبەرانەوە گفتوگۆ بکەن، رایگەیاند، گەورەترین ئابووریی ئەورووپا "گۆڕانکارییەکی سیاسی" جێبەجێ دەکات.
وەزیرەکە گوتی، "پێویستە دیپۆرتکردنەوە بۆ ئەفغانستان لە داهاتووشدا بە سەلامەتی بەردەوام بێت. هیچ مافێکی مانەوە بۆ تاوانبارە مەترسیدارەکان لە وڵاتەکەماندا نییە."
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، فڕۆکەکە بەیانیی رۆژی هەینی بەرەو ئەفغانستان بەڕێکەوتووە و ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو ئەو کەسانەی دیپۆرتکراونەتەوە، فەرمانی دەرکردنیان هەبووە.
ئەڵمانیا دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021، دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئەفغانستان راگرت و باڵیۆزخانەکەی لە کابوول داخست.
بەڵام ساڵی رابردوو، کاتێک حکومەتی ئۆلاف شۆڵتزی سۆسیال دیموکرات، گرووپێکی 28 کەسیی لە سزادراوانی ئەفغانستانی دیپۆرت کردەوە، پرۆسەکە دەستیپێکردەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەرلین تەنیا لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە پەیوەندیی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تاڵیبان هەیە و دیپۆرتکردنەوەکەی رۆژی هەینییش بە یارمەتیی قەتەر کراوە.
دوای راگەیێندراوەکە، نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پێویستە هیچ کەسێک رەوانەی ئەفغانستان نەکرێتەوە، ئینجا هەر پێگەیەکی هەبێت.
راڤینا شەمدەسانی، گوتەبێژی کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، کۆمیسیار داوای "دەستبەجێ راگرتنی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی هەموو پەنابەر و پەناخوازانی ئەفغانستانی دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی لە مەترسیی گرتن، دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی یان ئەشکەنجەدانن لەکاتی گەڕانەوەیاندا."
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رەخنەی راستەوخۆی لە دیپۆرتکردنەوەکان گرت و رایگەیاند، دۆخی ئەفغانستان "کارەساتبارە" و "لەسێدارەدانی دەرەوەی رێکاری یاسا، بێ سەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان تێیدا باون.
لووتکەی کۆچ
مێرتس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بەرگری لە دیپۆرتکردنەوەکە کرد و گوتی، "سوپاسگوزارە" کە توانیویەتی ئەو بەڵێنە جێبەجێ بکات لەکاتی دەستبەکاربوونیدا لە حکومەت داویەتی.
مێرتس رایگەیاند، "هیچ کام لەوانەی دیپۆرتکراونەتەوە، مافی مانەوەیان نەبووە. هەموو داواکارییەکانی مافی پەنابەری بە شێوەیەکی یاسایی رەتکراونەتەوە و هیچ رێگەیەکی یاسایی دیکەیان لەبەردەمدا نییە. هەربۆیە ئەم دیپۆرتکردنەوەیە و ئەم گەشتە ئەنجامدراوە."
دیپۆرتکردنەوەکە بەشێک بوو لە ژمارەیەک "راستکردنەوە"ی سیاسەتی کۆچ کە لەلایەن حکومەتەکەوە کراون، لەوانە تووندکردنی کۆنترۆڵی سنوور و سنووردارکردنی مافی یەکگرتنەوەی خێزان بۆ هەندێک لە پەنابەران.
بەڵام مێرتس رایگەیاند، کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی ئەڵمانیا تەنیا چارەسەرێکی "کاتییە" و پێویستە چارەسەرێکی هەمیشەیی لەسەر ئاستی ئەورووپا بدۆزرێتەوە.
بۆ ئەو مەبەستە، دۆبرینت لە باشووری ئەڵمانیا لەگەڵ هاوتاکانی لە نەمسا، دانیمارک، چیک، فەرەنسا و پۆڵەندا، هەروەها لەگەڵ ماگنوس برونەر، کۆمیسیاری ئەورووپا بۆ کاروباری نێوخۆ، کۆبووەوە.
دۆبرینت بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئامانجی کۆبوونەوەکە "بەهێزکردنی سیاسەتی کۆچی ئەورووپایە."
پارتی AfD لە مانگی شوباتدا ئەنجامێکی مێژوویی تۆمارکرد و زیاتر لە 20%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، کە بەرزترین رێژەیەتی لەسەر ئاستی نیشتمانی و بووەتە رکابەرێکی گەورەی هاوپەیمانە کریستیانەکانی CDU/CSUی مێرتس.
ناکۆکییەکان لەبارەی پرسی کۆچ بەهۆی زنجیرەیەک هێرشی کووشندەوە زیاتر بوون کە تۆمەتبارەکانیان داواکاری مافی پەنابەری بوون، لەنێویاندا چەند ئەفغانستانییەک.
حکومەتە نوێیەکەی ئەڵمانیا، کە هاوپەیمانێتییەکە لەنێوان CDU/CSU و SPD، بەڵێنی داوە تاوانبارە بیانییەکان زیاتر دیپۆرت بکاتەوە، هاوکات رێکاری تووند دژی کۆچی نایاسایی بگرێتەبەر.
جگە لە ئەنجامدانی دیپۆرتکردنەوە بۆ ئەفغانستان، دۆبرینت رایگەیاندووە، لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی دیپۆرتکردنەوە بۆ سووریاش دەستپێبکاتەوە کە لە ساڵی 2012ـەوە راگیراوە.
دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024دا رووخێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ